بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان: بەهۆی تۆپبارانەوە شەش گوند و دوو کوێستان چۆڵکراون


رووداو-هەولێر 

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان رایگەیاند، لە 24ی مانگی ئەیلوولەوە تۆپبارانی گوندەکانی ناحیەکە بەردەوامە. گوتیشی، ئەمڕۆ دوو کوێستانی دیکە تۆپباران کراون و تاوەکو ئێستا شەش گوند بە تەواوی و دوو کوێستانیش کە شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن، چۆڵکراون. 
 
رۆژی چوارشەممە، 5-10-2022، ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 24ی ئەیلوولەوە تۆپباران لە سنوورەکە بەردەوامە، تاوەکو ئێستا دوو کوێستان بە ناوی بەربزین و هۆڕنە کە شوێنی بەخێوکردنی مەڕوماڵاتن، چۆڵکراون. شەش گوندیش بە تەواوەتی لە لایەن دانیشتووانییەوە چۆڵکراوە، هەروەها دوو قوتابخانەش داخراون."
 
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاماژە بەوە دەکات کە دانیشتووانی سنووری سیدەکان "بەشێکیان بەهۆی نەمانی شوێنی نیشتەجێبوونیان سەردانی کەسوکاریان دەکەن و لەوێ دەمێننەوە. بەرنامە هەبووە لە سیدەکان خێوەتگەیەک وەک کەمپێکی بچووک بۆ ئاوارەکانی ئەو سنوورە دروستبکرێت، بەڵام بەهۆی مانەوەی هاووڵاتییان لای کەسوکاریان، تاوەکو ئێستا پێویستمان بە دروستکردنی کەمپ نەبووە، بەڵام داوامان لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە هاوکاریی خۆراک و دارایی ئەو خەڵکە بکەن کە ماڵەکانیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی کێشەکانیان کەمبکەینەوە".
 
لەبارەی ئەو شوێنانەی تۆپباران دەکرێن، ئیحسان چەلەبی گوتی: "زیاتر شوێنە کوێستانەکان تۆپباران دەکرێت، ئەوەی ئەمڕۆ و رۆژانی رابردووش زیاتر تۆپباران کراون کوێستانی بەربزین، هۆڕنە و سەقەڕن، ئەو سێ شوێنانە زۆر بە چڕی تۆپباران دەکرێت".
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان، "تورکیا بە قووڵی 30 کیلۆمەتر هاتووەتە نێو سنووری ناحیەی سیدەکان و 11 شوێنی سەربازی دروستکردووە، بەڵام ئەو تۆپبارانەی ئەمڕۆژانە دەکرێت، زیاتر لە لایەن ئێرانەوەیە."