بەرپرسیار؛ چیرۆکی سێ برا لە گوندێکی سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە جووڵە کەوتوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

سێ برا لە گوندی شیوەگەرمکی سنووری سیدەکان دوای تەمەنی 20 ساڵی لە دەست و قاچ کەوتوون. بەپێی گوتەی پزیشک، نەخۆشییەکە بۆماوەییە. باوکی سێ برا نەخۆشەکە دەڵێ، پێشتر هیچ کەسێک لە ماڵباتەکەم ئەو نەخۆشییەی نەبووە.
 
عوزێر حوسێن، تەمەنی 53 ساڵە و 20 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی نەماوە، پێشتر شوان بووە. خالیس حوسێن، تەمەنی 38 ساڵە؛ 15 ساڵە جووڵەی دەست و قاچی لەدەستداوە، پێشتر شوان بووە. خەفەت حوسێن، تەمەنی 29 ساڵە؛ 10 ساڵە لە دەست و قاچ کەوتووە، پێشتر قوتابی پۆلی 12ـی ئامادەیی بووە، بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە لە خوێندن دابڕاوە.
 
هەر سێ برا نەخۆشەکە ژنیان نەهێناوە. خەفەت حوسێن، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "دۆخی هەرسێکمان زۆر خراپە و بەردەوام لە ماڵ دەمێنینەوە. هاوژینی یەکێک لە براکانم خزمەتمان دەکات."
 
هەر سێ برا نەخۆشەکە پێشتر بە شاخ و دۆڵەکانی گوندی شیوەگەرمک شوانییان کردووە. عوزێر حوسێن، بە رووداوی گوت: "شوان بووم لەم چیاو چۆڵانە، ساخ و بێ کێشەبووم؛ دواییش وام لێهات. دەمارەکانی رانم لە ناوقەد بۆ خوارەوە کار ناکەن و وەکو مردوون، لەسەر دەستان دەچمە سەر ئاو و دێمەوە." 
 
جووڵە و هاتن و چوونیان ئاستەمە و بەردەوام قاچەکانیان ئازاری هەیە. دوورترین شوێن کە پێی دەگەن بەر دەرگای ماڵەکەیانە ئەویش بە ئەستەم. خالیس حوسێن، بە رووداوی گوت: "زۆر باش بووم، بێ گۆچان دەچوومە سەر چیا، ئێستاش تا تەمەنمان دەروات زیاتر دەکەوین." 
 
سەرەتای دروستبوونی نەخۆشیەکەیان بە سڕبوونی قاچەکانیان هەست پێکردووە. لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن جووڵەیان کەمتر دەبێتەوە و ناتوانن بە هاوسەنگی هەنگاوبنێن و بوەستن.
 
بۆ چارەسەر لەکوردستان زۆر دکتۆریان بینیوە. دەرکەوتووە نەخۆشییەکەیان تێکشکانی خانەکانی دەمارە و لە  مێشکەوە فەرمانەکان بە شێوەیەکی ئاسایی ناگەن بە ماسوولکەکانی دەست و قاچیان و پێیانگوتراوە لە هیندستان چارەسەریان هەیە.
 
حوسێن حەمەدەمین، باوکی سێ برا نەخۆشەکە، لە بەرپرسیار گوتی: "کەمدەرامەتم و توانام نییە سێ کوڕەکەم ببەمە دەرەوەی وڵات، داوا لە خێرخوازان دەکەم هاوکاریی سێ کوڕە نەخۆشەکەم بکەن."
 
پسپۆڕێکی چارەسەری سرووشتی و فیزیایی، نەخۆشی ئەو سێ برایە بە "تێکشکانی خانەکانی مێشک" ناودەبات. دکتۆر لوقمان نەبی، بە رووداوی گوت: "خانەکانی مێشک وردە وردە لەنێودەچن و فەرمان بە ماسوولکەکانی قاچیان نادات بەشێوەیەکی ئاسایی." 
 
نەخۆشییەکە "بۆماوەییە". دکتۆر ئازاد حەسەن، پسپۆڕی نەشتەرگەریی مێشک و دەمار، لە بەرپرسیار گوتی: "نەخۆشییەکە پەیوەندی بە جیناتی خێزانەکەیەوە هەیە، دەکرێ حاڵەتەکە لە باوانیانەوە هەبێ." باوکی سێ برا نەخۆشەکە دەڵێ، پێشتر هیچ کەسێک لە ماڵباتەکەم ئەو نەخۆشییەی نەبووە.
 
بە گوتەی پسپۆڕێکی نەشتەرگەریی ئێسک و شکان و گۆڕینی جومگە، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند دەکرێ. دکتۆر ئامانج گەردی گوتی: "ماسوولکەکانی لەش فەرمان لە کۆئەندامی مێشکەدەرمار وەردەگرن و لە رێگەی دەمارەوە دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکەیان بۆماوەییە و کۆئەندامی دەماریان بەپێی پێویست فەرمان بۆ ماسوولکەکان نانێرێ ئەمەش وایکردووە نەتوانن لەسەر قاچیان بوەستن."
 
دایکیان لەژیان نەماوە، لەلایەن باوک، خوشک و هاوژینی یەکێک لە براکانیان خزمەت دەکرێن. لە ماڵەکە لە کۆی شەش برا، سێیان ئەو نەخۆشییەیان گرتووە. تەنیا داهات بۆ خەرجیی دەرمان و سەردانی پزیشک، مووچەی 150 هەزار دیناریانە کە لە چاودێریی کۆمەڵایەتیی سۆران وەریدەگرن.
 
لە سنووری سۆران 4400 نیڤشکان مووچەی مانگانە وەردەگرن. تووران خدر، بەڕێوەبەری چاودێریی کۆمەڵایەتیی سۆران، بە رووداوی گوت: "ئاگاداری دۆخی ئەو سێ برا نەخۆشەین، تەنیا دەتوانین مووچەیان پێبدەین. سەردانمان بکەن بەپێی راپۆرتی پزیشکی نووسراوی پشتگیرییان بۆ وەزارەت بەرز دەکەینەوە وەک حاڵەتی تایبەت هەژماربکرێن."