وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە قەزای کۆیە کردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ لە قەزای کۆیە فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرایەوە کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێرە. وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتیش دەڵێت، "ئەرکی ئەو فەرمانگەیە ئەوەیە دەستەبەر بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بکات."
 
رۆژی سیشەممە، 05-09-2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە قەزای کۆیە فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی کردەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند، "یەکێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت، کرێکار، گەنج و دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان. ئەو بەشەی ئەمڕۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەیە کە مافەکانی کرێکار لە کەرتی تایبەت وەکو دامەزراوانی کەرتی گشتی دەستەبەر بکرێت بەتایبەتی خانەنشینبوونیان."
 
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەو بەشەی ئەمڕۆ لە قەزای کۆیە کراوەتەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێرە و ئەرکەکانی ئەوەیە، کار بکات لەسەر ئەوەی کرێکار لە کەرتی تایبەت لە شاری کۆیە دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی دواجار وەک هەر کەسێک لە کەرتی گشتی خانەنشین ببن و لەکاتی پێکان لە کاردا بە ئەندازەی پێکانەکەیان خانەنشینییان بۆ ببڕدرێتەوە. 
 
کوێستان محەممەد دەڵێت، "ئەو مافانەی کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کرێکارانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن وا دەکات ئەو خواستەی لە کەرتی گشتی هەیە بگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت. هەر بۆیە فەرمانگەکانی کۆیەمان راسپاردووە بۆ ئەوەی هاوکاربن و مۆڵەتی کەرتی تایبەت نوێ نەکەنەوە تاوەکو کرێکارانیان هەموو دەستەبەر دەکەن."
 
لە چوار ساڵی رابردوودا 69 هەزار و 264 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە. لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش، 14 هەزار و 755 کرێکار دەستەبەرکراون. 
 
لەبارەی کەمترین مووچەی دەستەبەر کوێستان محەممەد دەڵێت، "سەبارەت بە کەمترین کرێ 350 هەزار دینارە، کە لە کابینەی پێشوو 285 هەزار دینار بوو، هەر کرێکارێک لە هەر شوێن کارێک کەمتری پێ بدرێت دەتوانێت لەبەڕێوەبەرایەتی کاری ئێمە داوا تۆمار بکات یان پەیوەندی بە دیوانی وەزارەت و هێلی گەرم بکات ئەو کاتە ئێمە بەدواداچوون دەکەین تاوەکو ئەو ئاستەی شوێن کارەکەی دەدەینە دادگە."