هەناردەی کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی داتاکانی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، هەناردەی کۆمپانیاکانی باکووری کوردستان لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کەمیکردووە، لە هەمان کاتدا زۆرترین کاڵایان هەناردەی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەحمەد فیکرەت کیلەجی، بەرپرسی هەماهەنگیی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ رۆژی دووشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2023، ئاماری هەناردەکردنی مانگی ئابی 2023ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەناردەی کۆمپانیا ئەندامەکانیان لە مانگی ئابی ئەمساڵ بەراورد بە هەمان مانگی پار، 2.7٪ کەمیکردووە و بۆ یەک ملیار و 54 ملیۆن و 707 هەزار دۆلار پاشەکشەی کردووە.
ئەحمەد فیکرەت کیلەجی ئاماژەی بەوەدا، "لە مانگی ئابدا هەناردەکردنمان یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. هەناردەی هەشت مانگی سەرەتای ساڵی 2023 گەیشتووەتە 7.5 ملیار دۆلار. 39.3٪ـی هەناردەکردنمان بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە. 18.7٪ بۆ وڵاتانی ئەوروپا و 13.8٪ بۆ وڵاتانی ئەفریقا بووە".
بەگوێرەی داتاکان، دیلۆک لە نێو پارێزگا هەناردەکارەکانی باکووری کوردستان لە پلەی یەکەمدایە. دوای دیلۆک پارێزگاکانی مێردین، مەڕەش، مەڵەتی، رووها، ئامەد، کیلیس و سەمسوور دێن.
داتاکان ئاماژە بەوە دەدەن، یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ، زۆرترین کاڵای هەناردەی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە. بەگوێرەی رێزبەندی وڵاتانی ئەمریکا، ئیتاڵیا، سووریا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، سعودیە، لیبیا، ئیسرائیل و رووسیا لە دوای هەرێمی کوردستان و عێراق دێن.