وەزارەتی پێشمەرگە گوتەکانی بەرپرسی نووسینگەی ئەمنیی حیزبوڵڵا سەرکۆنە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵا رەخنە لە سعودیە و ئیمارات دەگرێت و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە راستەوخۆ داعش بەڕێوەدەبەن و تۆمەتیش دەداتە پاڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کە گوایە ئاسانکاری بۆ جووڵەی چەکدارانی داعش دەکەن؛ بەرپرسێک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی نووسینگەی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 5-9-2021 لە پەیامێکدا لە تێلیگرام لەبارەی هێرشەکەی داعش لە سنووری کەرکووک دەڵێ، "پێویستە چەند خاڵێک روون بکەینەوە:
یەکەم: "چەتەکانی داعش راستەوخۆ لەلایەن هەواڵگریی سعودیە و ئیماراتەوە بەڕێوەدەبرێن و دەزگا تایبەتمەندەکانیش ئەوە دەزانن؛ ئاسانکاریکاریش لەو کارەدا بە بەشدار لەتاوانەکان دادەنرێت".
دووەم: "لە کەرکووک و نەینەوا و زۆرینەی ئەو ناوچانەی بە 'ناکۆکی لەسەر' ناودەبرێن، میلیشیاکانی پێشمەرگە ئاسانکاری بۆ جووڵە و کاری ئەو چەتە تاوانکارانە دەکەن، بۆیە پێویستە گوشاری چڕ بخرێتە سەریان لەپێناو راگرتنی پشتگیریکردنی تەکفیرییەکان".
سێیەم: "پێویستە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت لە ناوچەکانی باکوور، دەستپێشخەری بکەن بۆ پاراستنی گیانی موجاهیدەکان، هەروەها وریابن لەو پیلانە ئەمریکییە زایۆنییە قێزەونەی ئەوان دایدەڕێژن و کازمی و دارودەستەکەی بەڕێوەی دەبەن. نابێ گوێبدەنە سەرکۆنەی سەرکۆنەکاران، چونکە ئەوە تاکە ئومێدە لەنێو ئەم گەلەدا مابێتەوە."
ئەبو عەلی عەسکەری لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێ، "پیرۆزبایی لە برایانمان لە جیهادی ئەنساروڵڵا لە یەمەن دەکەین، کە گورزی تایبەت لە وڵاتی شەڕخوازی سعودیە دەدەن و زیانی راستەوخۆ بە ژێرخانەکەی دەگەیێنن، بەتایبەت لە سەرچاوەکانی وزە کە شادەماری پارەدارکردنی گرووپە تاوانکارەکانە بە پارە و چەک."
لە وەڵامی ئەو پەیامەدا عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی یەکشەممە 05-09-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو قسانەی بەرپرسی نووسینگەی ئەمنیی کاتائیبی حیزبوڵڵا بە تووندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین؛ ئەوە تۆمەتە و ناحەقییە بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت "پێشمەرگە بوو داعشی تێکشکاند و ناوچەکانی رزگارکرد." و دەشڵێت "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو جۆرە لێدوانانە خزمەت بە یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان ناکات و ئەوەی دەگوترێت کە پێشمەرگە کارئاسانی بۆ داعش دەکات بە تووندی سەرکۆنەی دەکەین و رەتی دەکەینەوە."