لە ورمێ دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی جیاوازدا لە شارەکانی ورمێ و پۆڵدەشت، دوو کرێکاری گەنج گیانیان لەدەستدا.
 
رۆژی یەکشەممە (4ـی ئابی 2024) کرێکارێک لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەک لە شاری ورمێ لە بەرزاییەوە کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ناوی کرێکارەکە پەرویز نەقشینە و خەڵکی گوندی زیندەشتی سەر بە شاری سەڵماس بووە لە باکووری پارێزگای ورمێ و دانیشتووی شاری ورمێ بووە.
 
تەرمی ئەو کرێکارە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە و ئامادەکردنی راپۆرتی پزیشکی لەبارەی هۆکاری مردنی، بۆ دادپزیشکیی شاری ورمێ گوێزرایەوە و بڕیارە دوای رادەستکردنی بە بنەماڵەکەی، لە گوندی زیندەشت بەخاک بسپێردرێت.
 
لە رووداوێکی دیکەدا لە شاری پوڵدەشت، لە باکووری پارێزگاکە، گەنجێکی تەمەن 33 ساڵ لە کاتی بەتاڵکردنی باری بارهەڵگرێک لە گوندی زەنگەنە کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەست دەدات.
 
ناوی گەنجەکە بەهرۆز شێخکانلوویە و خەڵکی گوندی پیلەسواری پوڵدەشت بووە.
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پوڵدەشت رایگەیاند، گەنجەکە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە و لە کاتی بەرزکردنەوەی بارکێشی بارهەڵگرەکە بەمەبەستی بەتاڵکردنی، بارکێشەکە بەر ستوونی کارەبا کەوتووە و لە ئەنجامدا کارەبا دەیگرێت و گیان لەدەستدەدات.