گومرکی سەردەشت: لە 4 مانگدا بایی 48 ملیۆن دۆلار کەلوپەل هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت دەڵێت، لە چوار مانگدا بایی زیاتر لە 48 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
مەجید غولام نەژاد، بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت دەڵێت، لە 21-03-2024ەوە تاوەکو 21-07-2024 بە گشتی 170 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە 48 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
 
غولام نەژاد گوتی، هەر لەو ماوەیەدا 140 تۆن کاڵا بایی 720 هەزار دۆلار لەو دەروازە سنوورییەوە هاوردە کراوە و زیاترینیش کەرەستەی نێوماڵ بووە.
 
بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت رایگەیاند، رۆژانە زیاتر لە 180 بارهەڵگر کاڵا بۆ دەروازە سنوورییەکە دەگوازنەوە بەمەبەستی هەناردەکردنی بۆ هەرێمی کوردستان؛ ئاماژەی بەوەش کرد، زیاترین ئەو کاڵایانەی هەناردە کراون بریتین لە کاشی، سیرامیک، ئاسن، بەرهەمە پلاستیکییەکان، چەرەزات و میوەی وشکراو، سەوزە و مێوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرکی سەردەشت، ساڵی رابردوو 127 هەزار گەشتیار لە رێگەی دەروازەی سنووریی کێلێوە هاتووچۆیان کردووە و ئێستاش رۆژانە لەنێوان 250 کەس بۆ 350 کەس لەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆ دەکەن، بەڵام لە هەندێک رۆژدا ئامارەکە بۆ 800 کەسیش بەرز دەبێتەوە.
 
دەروازەی کێلێ، لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەوێتە سنووری شاری سەردەشت لە پارێزگای ورمێ و لە هەرێمی کوردستانیش دەکەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی.