ئاژانسی فەرمیی تورکیا: لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا لە سلێمانی پلانداڕێژەری کوشتنی عوسمان کۆسە کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی فەرمیی تورکیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە، لە سلێمانی پلانداڕێژەری کوشتنی عوسمان کۆسەی کوشتووە.

ئاژانسی فەرمیی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023، بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا -میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کەسێكی بەناوی جەلال کایا کردووەتە ئامانج کە بەرپرسی هەواڵگریی پەکەکە بووە لە عێراق و پلانداڕێژەری ئەو هێرشە بووە کە عوسمان کۆسە، دیپلۆماتی تورکیای تێدا کوژرا.
 
عوسمان کۆسە کارمەندی کۆنسوڵخانەی تورکیا بوو و رۆژی 17ـی تەممووزی 2019 لە رووداوێکی تەقەکردن لە رێستۆرانتی هوقەباز لە شاری هەولێر لەگەڵ دوو هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان بە ناوەکانی نەریمان (عوسمان محەممەد عەلی) و (بەشدار رەمەزان ساڵح) کوژران. 
 
تاوەکو ئێستا دەزگای هەواڵگریی تورکیا زانیاری لەبارەی کات و شوێنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بڵاونەکردووەتەوە و تەنیا ئاماژەی بە پارێزگای سلێمانی کردووە.