پۆلیسی گەرمیان: لەسەر کێشەی زەویوزار شەش برا بووەتە شەڕیان و یەکێکیان کوژراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "لە گوندی گۆڕی ئەسپ-ی سەر بە ناحیەی شێخ تەویلی قەزای کەلار، شەش برا لەسەر کێشەی زەویوزار بووەتە شەڕیان و یەکێکیان کوژراوە و دووانی دیکە بریندارن."
شەوی چوارشەممە (05-06-2024) عەلی جەمال، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەسەر رووداوەکە فەرمانی گرتن بۆ سێ کەسەکەی دیکە دەرچووە.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت: "شەڕەکە لەنێوان بەرەی دوو ژن بووە، کوڕانی ژنە گەورەکە تەقەیان لە کوڕانی ژنە بچووکەکە کردووە. تەقەکەرەکان ئێستا بۆ شوێنی نادیار هەڵهاتوون."
عەلی جەمال لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە باسی لەوەکرد، هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سێ تەقەکەرەکە دەرچووە و بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ سلێمانی.