هیومەن رایتس وۆچ: کەسانی نیڤشکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەرفەتی کار بێبەشکراون
رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) لە نوێترین راپۆرتیدا کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، کەسانی نیڤشکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دەرفەتی کار و دامەزراندن بێبەشکراون. گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هۆکارەکە ئەوەیە دامەزراندن بە گشتی وەستاوە.
بە پێی یاساکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، پێویستە 5%ـی کارەکانی کەرتی گشتی وەک کۆتا بۆ کەسانی نیڤشکان بن، بەڵام هیومەن رایتس وۆچ دەڵێت، ئەو یاسایانە جێبەجێ نەکراون.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە پێی دوایین ئاماری فەرمی کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022، لە هەرێمی کوردستاندا 77 هەزار و 65 کەس بە نیڤشکان تۆمارکراون؛ 13 هەزار و 249 کەسیان لە کەرتی گشتیدا کاردەکەن کە دەکاتە تەنیا 2%ی کۆی گشتیی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان 658 هەزار و 189 کەسە.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، هۆکاری کەمی فەرمانبەرانی نیڤشکان ئەوەیە کە "دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بە گشتی لە دوو کابینەی پێشووەوە تاوەکو ئێستاش وەستاوە".
یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011ـی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێت 5%ـی کارەکانی کەرتی گشتی بۆ کەسانی نیڤشکان بن و کەرتی تایبەتیش هاندەدات زیاتر خەڵکی نیڤشکان وەربگرێت.
کەسانی نیڤشکان لە هەرێمی کوردستان لە لایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە تۆماردەکرێن و بەڵگەنامەی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن مووچەیەکی مانگانەی 100 هەزار دیناری وەربگرن ئەگەر دامەزرێندرابن، بەڵام ئەگەر بێکار بن، 150 هەزار دیناریان بۆ دەبڕدرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە بە رووداوی گوت، بەشێک لە دامەزراوە و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، بە پێی ئەوەی "قازانج ویستن، ئامادە نین" کەسانی نیڤشکان وەربگرن، بەڵام وەزارەتەکەیان "بەردەوام کەرتی تایبەت هان دەدات بۆ ئەوەی کەمئەندامان وەربگرن."
لە بارەی ئەوانەیشی کە بە کۆمەڵی بچووک ناو بە ناو فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەردەکرێت، ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، بە گوێرەی لێهاتوویی و توانای کەسانی نیڤشکان، دەرفەتیان پێ دەدەن.
هیومەن رایتس وۆچ باس لەوە دەکات کە بەهۆی کێشەی مووچە و بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا، کەسانی نیڤشکان نەیانتوانیوە بە شێوەی بەردەوام مووچە وەربگرن.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، خەڵکی نیڤشکانی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیی عێراقیش هەمان کێشەیان هەیە و حکومەت نەیتوانیوە 5%ـی کارە حکومییەکان بۆ کەسانی نیڤشکان زامن بکات.
رێکخراوە مافپەروەرەکە دەڵێت: "حکومەتی عێراق ئامار لەبارەی ژمارەی خەڵکی نیڤشکان و رێژەی دامەزراندنیان لە وڵاتەکەدا کۆناکاتەوە".
هیومەن رایتس وۆچ داوا دەکات حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان "رێکاری گونجاو بگرنەبەر بۆ ئەوەی خەڵکی نیڤشکان لە کەرتی گشتیدا دابمەزرێنن و هانی دامەزراندنیان لە کەرتی تایبەتیش بدەن."
هەروەها پێشنیاز دەکات حکومەتەکان "میکانیزمی چاودێری بۆ وەزارەتەکان دابنێن بۆ ئەوەی ناو بە ناو روونکردنەوە بدەن کە تا چ رادەیەک کۆتای دامەزراندن و ئەرکەکانیان بە پێی یاساکانی ژمارە 38ـی عێراق و ژمارە 22ـی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردووە."