سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزا درا

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ بە 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردن سزا درا. دوای راگەیاندنی بڕیارەکە ناڕەزایەتییەکان لە شارەکەدا دەستیان پێکردەوە.

کاژێر 10:04 خولەکی ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی حوزەیران پرۆسەی دادگاییکردنی محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ دەستیپێکرد، کە رۆژی دووشەممە 3ی حوزەیران بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەسەر کار لادرا و عەلی چەلیک، پارێزگاری جۆلەمێرگ بە قەیوم لە شوێنی دانرا.

محەممەد سدیق ئاکش لە چوارچێوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکانی کۆماجڤاکێن کوردستان - کەجەکە، کە لە ساڵی 2013 دەستیپێکردووە، لەگەڵ 13 کەسی دیکە دادگایی کرا.

لەو دۆسیەیەدا لەبارەی سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ، لە ساڵی 2014وە پەڕاو کراوەتەوە.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆ 61ـەمین دانیشتنی دادگە بوو لەسەر ئەو دۆسیەیە و لە یەکەمین دادگەی سزا قورسەکانی جۆلەمێرگ بەڕێوەچوو. دادگە سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

دوای بڕیاری دانانی قەیوم، لە جۆلەمێرگ و 10 پارێزگای دیکەی باکووری کوردستان قەدەخەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە راگەیێندراوە و تائێستا بەردەوامە.

دەم پارتی داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکات کە پشتیوانیی دیموکراسی دەکەن، هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو هەڵمەتە نیشان بدەن.