لە جۆلەمێرگ پێنج شوانی ورمێ دیپۆرت دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان پێنج شوانی خەڵکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە شارۆچكەی گەڤەر کاریان دەکرد دیپۆرت کرانەوە. ئاژەڵدارەکانیش بە بژاردنی 850 هەزار لیرە (26 هەزار و 272 دۆلار) سزادران.
ئەو پێنج شوانە خزمی ئاژەڵدارەکانی گەڤەرن، ئەوان لەبەر ئەوەی شوانیان دەستنەکەوتووە، داوایان لێکردوون بێن بۆ گەڤەر و کاریان بۆ بکەن.
شوانەکان تاوەکو سەرەتای وەزری زستان بە مووچەی مانگانەی 40-50 هەزار لیرە (1236 – 1545 دۆلار) کاریان دەکرد.
پێنج ئاژەڵدار لە گوندی "سەردەشت"ی گەڤەر، لە شاری ورمێوە ئەو پێنچ شوانەیان بۆ لەوەڕاندنی حەوت هەزار مەڕوماڵات هێنابوو. دواتر بە پاساوی نەبوونی مۆڵەت و بیمەی کارکردن، هەر یەکێك لەو شوانانە بە هەشت هەزار لیرە "247 دۆلار" سزادران و دیپۆرتی ئێران کرانەوە.
پێنج ئاژەڵدارەکە بە ناوەکانی، شەوکەت ئارسڵان، هەمزە کاراهان، محەممەد ساڵح ئاڵاجا، لوقمان کاچماز و کنیاس تەرکداش بە پاساوی هێنانی شوانەکان هەر یەکەیان بە بژاردنی 170 هەزار لیرە (پێنج هەزار و 254 دۆلار) سزادران.
محەممەد ساڵح ئاڵاجا یەکێك لەو ئاژەڵدارانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شوانەکان لە ورمێ بە پاسپۆرتەوە هاتوون، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکران، دیپۆرتکرانەوە".
ئەو ئاژەڵدارە دەڵێت، شوانیان دەست ناکەوێت بۆیە لە گوندەکانی ورمێ شوانیان هێناوە، بەڵام هەر ئاژەڵدارێکیان بە بژاردنی 170 هەزار لیرە و هەر یەکێک لە شوانەکانیش بە بژاردنی هەشت هەزار لیرە سزادراون.
بەگوتەی محەممەد ساڵح ئاڵاجا مافیان خوراوە و بەو هۆیەوە لە دادگە سکاڵا تۆمار دەکەن، ئەگەر مەڕوماڵاتەکانیشیان بفرۆشن ئەو سزایەیان پێ نابژێردرێ.
پەرویز گەچیرگەن، سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی گەڤەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئاژەڵدارەکان دەڵێن ئیدی ئاژەڵدارییان پێ ناکرێت".
بەگوتەی سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی گەڤەر "پێشتریش لە ورمێوە شوان دەهێندران، پاسپۆرتەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمار دەکرا و دواتر دەستیان بەکارکردن دەکرد و بە هیچ شێوەیەک داوای مۆڵەت و بیمەی کارکردنیان لێ نەدەکرا".