پارکی سامی عەبدولڕەحمان رێنمایی نوێ بۆ بووک و زاواکان دەردەکات

 

رووداو دیجیتاڵ 

فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، کە گەورەترین پارکی شاری هەولێرە ژمارەیەک رێنمایی تایبەت بە ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوە لەو پارکەکە دەرکرد و دەڵێت پێویستە پێشوەختە مۆڵەت لە کارگێڕی پارکەکە وەربگیرێت و بڵندگۆ و دی جەی و یاری ئاگرین لە ئاهەنگی بووکگواستنەوەدا قەدەخەیە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەکەش ئاشکرای کرد، ساڵانە نزیکەی 2400 ئاهەنگی بووکگواستنەوە لە پارکەکەیاندا دەکرێن.
 
رۆژی هەینی، 5-5-2023، عوسمان حەمە مەحموود، بەڕێوەبەری راگەیاندن و خزمەتگوزاریی فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەک رێنماییمان هەبووە بۆ ئەو ئاهەنگانەی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەکرێن، بەڵام ئێستا دووبارە جەختی لەسەر دەکەینەوە، چونکە هەندێک لە خێزانەکان پێشێلی دەکەن، بۆیە لەمەودوا رێگە بە هەندێک لەو شتانە نادرێت، چونکە پارک شوێنی پشوودانە و هەموو جۆرە کەسێک بۆی دێت. لەوانە نەخۆش و پیر و پەککەوتە، بۆیە بۆ ئەوەی ئاسوودەبن ئەو رێنماییانەمان دەرکردووە."
 
بەپێی راگەیێندراوێکی پاری سامی عەبدولڕەحمان تایبەت بە ئاهەنگەکانی بووک گواستنەوە بۆ لەمەودوا قەدەخە و رێگەپێدراوەکان ئەمانەن و سەرپێچیکردنی ئەو رێنماییانە سزای کارگێری و یاسایی هەیە:
 
- پێویستە مۆلەت لە فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولرەحمان وەربگیرێت.
- ناسنامەکەت لەلای لێژنەی پەیوەندیدار بەجێبهێڵیت، دەبێت پابەندی رێنماییەکان بیت و  گشت کەلوپەلەکانی پارك بپارێزیت.
- بڵندگۆ و دی جەی و یاریی ئاگرین قەدەخەیە.
- هێنانی ئاو و شیرینی و خواردنەوە گازییەکان رێگەپێدراوە.
- لەکۆتایی ئاهەنگەکەدا پەیوەندی بە لێژنەی تایبەتمەند بە فەرمانگەکەمانەوە بکەن بۆ پشکنینی شوێنەکە بۆ ئەوەی لە پاک و خاوێنی شوێنەکە دڵنیابن.
 
پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەسەر رووبەری 800 دۆنم دروستکراوە. پارکەکە دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر. چەندین ئاسانکاری و چالاکیی گەشتیاری تێدایە، وەک: چێشتخانە، کۆشک، یاریگا، شەقام، کەناڵی رادیۆ، شاشەی سینەمایی.