ئەردۆغان لە وان: نەوتی شرنەخ دەخەینە خزمەتی خەڵکەوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، نەوتی دۆزراوەی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دەخەنە خزمەتی هاووڵاتییانەوە و ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەم مانگەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەو کاتە هیچ کاتێك رێگە نادەن پەکەکە و هیچ گرووپ و رێکخراوێکی دیکە کێشە بۆ خەڵک دروستبکەن.
 
رۆژی هەینی، 5-5-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور کە هاوپەیمانییەکە لە ئاکپارتی، مەهەپە، پارتی یەکبوونی مەزن، هوداپار و پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی پێکدێت لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
بەشێکی گوتارەکەی ئەردۆغان تایبەت بوو بە نەوت لە باکووری کوردستان و گوتی، ئەو نەوتەی لە چیای گاباری پارێزگای شرنەخ دۆزراوەتەوە دەیخەنە خزمەتی هاووڵاتییانەوە. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژە بەوەشکرد، رێگە نادەن تووندوتیژی بگەڕێتەوە ناوچەی گابار و ئیدی پێویستە ئەو ناوچەیە بە "سامانی دەوڵەمەندی نەوت یاد بکرێتەوە". 
 
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، رۆژی 2-5-2023 و لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەرییدا لە پارێزگای کۆنیا، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەو یەدەگە نەوتیەی لە ناوچەکانی جودی و گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان دۆزراوەتەوە، توانای رۆژانەی 100 هەزار بەرمیلە.
 
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، بە لێدانی 100 بیرە نەوت بە قووڵایی دوو هەزار و 600 مەتر، بەرهەمی رۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل تەنیا لەو پارێزگایە بەرزدەبێتەوە.
 
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی ئەردۆغان لە وان تایبەت بوو بە دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان و گوتی، چی دیکە رێگە نادەن پەکەکە و هیچ گرووپ و رێکخراوێکی دیکە ئارامی و ئاسایشی خەڵک تێکبدەن. 
 
بەربژێرەکەی هاوپەیمانیی جمهوور رایگەیاند، ئەوەی ئەوان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کردوویانە بووەتە هۆکار بۆئەوەی ئێستا 85 ملیۆن هاووڵاتی لە "ئارامترین و خۆشگوزەرانترین قۆناخی مێژوو بژین. هەربۆیە گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ رۆژگارە تاریکەکان سوودی بۆ کەس نابێت". 
 
ئەردۆغان داوای لە هاونیشتمانییان و هاووڵاتییان کرد کە دەنگ بە کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میلـلەت نەدەن و گوتی، بەشێکی خەڵک "دوای کڵچدارئۆغڵو کەوتوون و خۆشیان نازانن بۆ کوێ دەچن".
 
چەند رۆژێکە بانگەشەی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان و تورکیا چڕ بووەتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکی دیکە هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. 
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت؛ 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەو هەڵبژاردنانەدا هەیە؛ 24 پارتی سیاسیی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.