لە گوندی پاڵنگان 500 دەفژەن رێوڕەسمێکیان بەبۆنەی جەژنی رەمەزان بەڕێوەبرد


رووداو دیجیتاڵ

500 دەفژەن لە گوندی پاڵنگانی هەورامان بەبۆنەی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە دەستیان بە دەفلێدان کرد، نزیکەی 10 هەزار کەسیش رژانە ناو پاڵنگان و سرووشتی هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
پاڵنگان لە قەدپاڵی چیایەکی سەختدا هەڵکەوتووە، خانووەکانی لە بەرزایی و ناو تاشەبەردی چیاکەدا جێیان بۆ هەڵکەنراوە، دەفژەنەکان چوونە سەربانی خانووە بەردەکان، لەسەر تاشەبەرد و کەنار چەم و کۆڵانە تەنگەبەرەکانی پاڵنگان وەستان، هەموو بە یەکەوە دەفیان لێدا.
 
دەنگی دڵنشینی تەموورە لێرە لە گوندی پاڵنگان، گوندێکی گەشتیاریی سەر بە شاری کامێران. دەیان تەموورە ژەن کە ئەم ئامێرە مۆسیقا یارسانییە لە رێوڕەسمێکی مەزهەبی، رێوڕەسمی تایبەت بە جەژنی رەمەزاندا دەژەنرێت.
 
رێوڕەسمەکە دواینیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچوو، بەبۆنەی تۆماری جیهانی هەورامانیشە. هاوکات سەتان کەسیش دەفیان ژەنی، کە ئامرێکی عیرفانیە، لەگەڵ گۆرانیی عیرفانی. 500 دەفژەن کە لێرە لە بیناسازی ناوازەی پاڵنگان، دەنگی دەفیان تێکەڵ بە هەوای دڵڕفێنی بەهاری هەورامان بوو. 
 
موحسین فەتحی، نوێنەری کامێران، سنە و دیواندەرە دەڵێت، "بەڕێز پارێزگار بەڵێنیدا لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پاڵنگان و بەتایبەت شاری کامێران بکرێت و ئینشائەڵڵا ئەم ناوچەیە زیاتر گەشە دەکات و دڵی خەڵک پڕ دەبێت لە هیوا".
 
ئەم رێوڕەسمە هەوڵێکی دیکەیە بۆ ناساندنی توانا گەشتیارییەکانی هەورامان، حوجەتوڵڵا ئەیوبی، سکرتێری کۆمیسیۆنی یونسکۆ لە ئێران کە ئەویش لێرە بوو، رایگەیاند، ئەمە سەرەتای رێگەیە و ئەگەر ژێرخانەکان ئامادە بن و ئەم ناوچەیە جوان بناسێنرێت، دەبێتە مەڵبەندێکی گەشتیاری.
 
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنەش باسی ئەوەی کرد، پەرەسەندن و گەشەی ئەو پارێزگایە لە رێگەی گەشتیارییەوە تێدەپەڕێت، بۆ ئەم مەبەستە کەڵک لە هەموو تواناکانی هەورامان وەردەگرین. 
 
هەورامان ساڵی رابردوو لە رێکخراوی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکرا و پاڵنگان پایتەختیەتی. ئەم رێوڕەسمە نموونەیەکی دیکەیە لە توانا گەشتیارییەکانی هەورامان، ئەگەر پلانێک بۆ پێشخستنی هەبێت.