کەشناسی: پلەی گەرما نزمدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکان لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و بەراورد بە ئەمڕۆ سبەی پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە نزمدەبێتەوە. شارەزایەکی کەشناسیش دەڵێت، بەپێی پێشبینییەکان لە 14 بۆ 17 مانگ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەشی کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کە رۆژی چوارشەممە 05-04-2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت و لەهەندێک شوێن بۆ هەوری تەواو دەگۆرێت و دوانیوەڕۆ لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان نمەباران دەبارێت.
لەبارەی کەشوهەوای سبەی، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی پێشبینییەکان سبەی ئاسمان لە نێوان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت و بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما 2 بۆ 4 پلە نزمدەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرمای تۆمارکراو لە گەرمیان دەبێت.
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 11ی مانگەوە ناوە ناوە بارانبارین دەستپێدەکات، بەڵام کاریگەرییەکی زۆری نابێت، دواتر 14 تاوەکو 17ی ئەم مانگە شەپۆلێکی چڕی بارانبارین دەبێت و "دەتوانین بڵێن بارانبارینێکی باش" هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی پێنجشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 22
سلێمانی: 20
دهۆک: 21
کەرکووک: 24
هەڵەبجە: 21
زاخۆ: 22
سۆران: 21
گەرمیان: 26