دوای زیاتر لە شەش ساڵ پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە ئازادکرا


رووداو دیجیتاڵ 

ئیدریس باڵوکەن، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە لە بازنەی ئامەد دوای تەواوکردنی سزای زیندانیکردنی ئازادکرا.
 
ئیدریس باڵوکەن، رۆژی چواری تشرینی دووەمی 2016 کاتێك بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە بوو لە پەرلەمانی تورکیا دەستبەسەرکرا و زیندانیکرا. باڵوکەن لەلایەن هەشتەمین دادگەی سزا قورسەکانی ئامەد سزای نۆ ساڵ و دوو مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. 
 
دوای ئەوەی رۆژی 30 کانوونی دووەمی 2017 لە دانیشتنێکی دادگەدا بریاری ئازادکردنی درا، لە زیندان هاتەدەرەوە، بەڵام لەسەر تانەی داواکاری گشتیی ئامەد لە بڕیاری ئازادکردنی، ئیدریس باڵوکەن دوای 20 رۆژ لە ئازادکردنی لە 21ـی شوباتی 2017 جارێکی دیکە زیندانیکرایەوە.
 
ئیدریس باڵوکەن، دوای شەش ساڵ و پێنج مانگ مانەوەی لە زیندان و تەواوکردنی سزای زیندانیکردنی، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە پێنجی نیسانی 2023 لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە ئازادکرا. 
 
باڵوکەن بە تۆمەتی، "پێداهەڵدان بە تاوان و تاوانباردا، ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر، ئەنجامدانی تاوان بەناوی رێکخراوی تیرۆریستییەوە، سووکایەتیکردن بە کۆماری تورکیا و دامودەزگاکانی" دەستگیر کرابوو.
 
باڵوکەن لەکاتی دەستگیرکردنیدا رێگەی نەدا پۆلیسەکان سەری بچەمێنن و گوتی، "رێگەت پێنادەم سەرم بچەمێنی. تۆ مافی ئەوەت نییە دەستبخەیتە سەر سەری کەسێک کە نوێنەری سەدان هەزار کەسە." 
 
بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 4-11-2016 پۆلیسی تورکیا چوونە بارەگای هەدەپە لە ئەنقەرە و ئیدریس باڵوکەن دەستگیرکرا.
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، "لەسەر بڕیاری دادگە بەرپرسانی هەدەپە دەستگیرکراون و کاژێر یەکی بەرەبەیان هەریەک لە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، ئیدریس باڵوکەن، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە ئەنقەرە و فەرهاد ئەنجو، پەرلەمانتاری شرنەخی هەدەپە لە ئیستەنبووڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکران." 
 
لە ئۆپەراسیۆنەکەی پۆلیسی تورکیا 11 پەرلەمانتاری هەدەپە کە هاوسەرۆکانی ئەو پارتەشی تێدابوو دەستگیرکران.
 
ئیدریس باڵوکەن
 
- ساڵی 1976 لە چەولیگی باکووری کوردستان لەدایکبووە
- کۆلێژی پزیشکی لە زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە
- ساڵی 2011 بوو بە پەرلەمانتار
- ساڵی 2014 بوو بە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە
- ئەندامی شاندی هەدەپە بوو بۆ ئیمراڵی
- خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە