لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەستیپێکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت رۆژ وەستان، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی حەسیرە دەستیپێکردەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئێستا رۆژانە 60 بۆ 65 تانکەر نەوت بۆ بازیان دەگوازرێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 05-04-2023، هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان رایگەیاند، دوای هەشت رۆژ وەستان، دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە دەستیپێکردەوە و ئێستا دوای دەرهێنان بە تانکەر نەوت هەناردەی پاڵاوگەی بازیان دەکرێت.
لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە چوار بیرە نەوت هەن. پەیامنێری رووداو دەڵێت، بەگوێرەی زانیارییەکان دوو بیریان نەوتەکەی کەمیکردووە، چونکە ماوەکانی پێشوو تێکەڵ بە ئاو بووە، بۆیە کار بە دوو بیرەکەی دیکە دەکرا و ئێستاش لەهەمان ئەو دوو بیرە کاردەکرێت.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر، دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە رۆژانە 35 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام هونەر حەمید دەڵێت، ئێستا کەمبووەتەوە بۆ 14 هەزاربەرمیل.
شوفێری یەکێک لەو تانکەرانەی نەوت لە کێڵگەی حەسیرە بۆ خۆرمەڵە دەبات، قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، دوێنی کاژێر 9:00ی سەرلەبەیانی ئاگادارکراونەتەوە کە دەتوانن دەست بە گواستنەوەی نەوت بکەنەوە و دەوروبەری کاژێر 1:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستیان بە هەناردەکردن کردووە.
هەزار و 80 شۆفێر لە کێڵگەی نەوتی حەسیرە کاردەکەن. پەیامنێری رووداو دەڵێت، لە کۆی ئەو ژمارەیە رۆژانە نزیکەی 60 بۆ 65 تانکەر نەوت دەنێرن بۆ بازیان لەوێش لە رێگەی بەندەری جەیهان لە تورکیا دەگواسترێتەوە.
کێڵگەی حەسیرە دەکەوێتە شارۆچکەی سەرقەڵا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، لە بەرواری 25-3 لە رۆژی هەینییەوە ئەو تەنکەرانەی لە حەسیرەوە نەوتیان بار دەکرد لە خورمەڵە وەستان و بارەکانیان خاڵی نەکردووە.
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، نەوتی ئەو کێڵگەیە بە تانکەر دەگواسترایەوە بۆ خۆرمەڵە و لەوێ تێکەڵ بە بۆڕی نەوتی کوردستان دەکرا، بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی تائێستا هەناردەکردن بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێنەکردووەتەوە، دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی بازیان و لەوێ دەپاڵێورێت بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بازاڕەکانی نێوخۆ.
راگرتنی هەناردەی نەوتی حەسیرە لە کاتێکدابوو، رۆژی 25ـی ئەم مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا، بەڵام هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگەی نەوتی چیاسوورخ لە شارۆچکەی قۆرەتوو لە گەرمیان رانەگیراوە و رۆژانە شەش تەنکەر نەوت دەنێرێت بۆ پاڵاوگەکانی سلێمانی.
ئەو وێستگەیە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبای هەیە، بە راوەستانی نەوتی حەسیرە بەرهەمهێنانی کارەباش لەو وێستگەیە دەوەستێت، چونکە لە رێگەی گازی نەوتەکەوە کارەبا بەرهەم دەهێنێت.