فەلاح مستەفا: بەمزووانە نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێكی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان وردەکاری دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت :"دەبێت لایەنە سیاسییەکان وەڵامدەری داوا و داخوازی خەڵك بن."
فەلاح مستەفا راوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەکات بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تەلەفزیۆنی رووداو رایگەیاند: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنەکان، لە بەرنامەی کاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە هەموو لایەنەکان کۆبکاتەوە، کۆبوونەوەی لایەنەکان بڕیاری لێدراوە و بەدوای کاتێکی گونجاودا دەگەڕێین بۆ کاتی کۆبوونەوەکە."
پارتی و گۆڕان، پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە دەکەن، لایەنەکانی دیکەش خەریکی کۆبوونەوەن بۆ هەڵوێستیان لەبارەی کۆبوونەوە، فەلاح مستەفا دەڵێت:" ئەوەی زانیومانە پەرۆش و ئامادەن بۆ کۆبوونەوەکە، ئەو کۆبوونەوەیە بۆ گەلی کوردستانە، پێویستییەکی هەنووکەییە و دەبێت بکرێت ."
هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە بە گوتەی بەرپرسان رووبەڕووە لەگەڵ کۆمەڵێك قەیران، لە نێویاندا شەڕی داعش، قەیرانی کۆرۆنا و ئابووری، راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی :"هەموو ئەو کێشە و قەیرانانە گرێدراون بە دۆخی هەرێمی کوردستان."
سەرەڕای ئەوەی جۆرێك لە ساردیی لە پەیوەندی یەکێتی و پارتی دەبینرێت،بەڵام ئەو ناوی نانێت کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی. فەلاح مستەفا دەڵێت: "لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، حکومەت، لایەنەکان پێکەوە کاردەکەن، رەنگە لە هەندێک پرسدا هەڵوێستی جیاواز هەبێت، هیواخوازین هەردوولا بێنە پێشەوە بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان و ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت."
كەمتر لە هەفتەیەک تێپەڕیوە بەسەر پەسندکردن یاسای بودجەی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیش تێیدا جێگیرکراوە، راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاسای بودجە بە نموونەی هاوهەڵوێستی و یەکدەنگی لایەنەکان دادەنێت و دەڵێت: "دەرکەوت یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی چەند گرنگە بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەو مافە دەستووریانەش بپارێزین کە بەدەستهاتوون."
فەلاح مستەفا باسی نێوەڕۆکی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکات بۆ پاریس و دەڵێ: "راشکاوانە هەموو پرسەکان تاوتوێکران، لەوانە شەڕی داعش، هاوکاری مرۆیی بۆ پەنابەران، دۆخی کەمینەکان لە عێراق باس کران، سەرۆکی فەرەنسا داوای پەیوەندییەکی بەهێزی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات."
لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و باسکردنی ئەنجامی سەردانەکەی بۆ پاریس، فەلاح مستەفا دەڵێت: "ئەو سەردانە لەماوەیەکی نزیکی داهاتوو دەکرێت، لە پەیوەندی داین لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار بۆ دانانی کاتی سەردانەکە، ئەو سەردانە لە رۆژانی داهاتوو و لە ئایندەیەکی نزیک دەکرێت، ئەوەش نیشانەی خەمخۆری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ عێراق بۆ چارەسەری کێشەکان و سوودوەرگرتن لە دەرفەتی چارەسەری کێشەکان."
نێچیرڤان بارزانی چوارشەممەی رابردوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پاریس رایگەیاند:سەردانی بەغدا دەکات و نێوەڕۆکی ئەو بابەتانەی لەگەڵ سەرۆککۆماری فەرەنسا باسی کردووە، لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و لایەنەکانی عێراق تاوتوێ دەکات.