بەشێک لە کەسایەتی و سیاسییە ناڕازییەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردن لە بەرەیەکدا کۆدەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەرگەی تۆمارکردن بۆ حیزب، هاوپەیمانی و بەربژێرانی سەربەخۆ، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە. حیزبەکان هەر لە نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەتوانن داوای بەشداری بۆ هەڵبژاردن پێشکێش بکەن.
 
ماوەکە تەنیا بۆ ماوەی 10 رۆژە لە پێنج بۆ 14ـی ئادار و بڕیاردراوە درێژنەکرێتەوە.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنەیی، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "لایەنەکان کە دێن داواکاری بۆ بەشداریی هەڵبژاردن پێشکێش دەکەن، بە هەردوو رێگەی ئەلیکترۆنی و نووسراو داواکارییەکە وەردەگرین و دواتر رێگەپێدراوی ئێمە دەیگەیێنێتە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا، هەروەها لیژنەیەکی پاڵپشتیش لە بەغداوە هاتوون بۆ هاوکاریی ئێمە."
 
38 حیزب و لایەن لە وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق مۆڵەتیان هەیە و دەتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
 
بە هۆکاری دروستبوونی حیزب و لایەنی نوێ، کە ئامادەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن، چاوەڕێ دەکرێت بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رکابەریی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. 
 
بەگوێرەی ئەو لیستەی رووداو لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەستی کەوتووە، پارتی بەرەی گەل، کە لاهوور شێخ جەنگی دەیەوێت لە رێگەیەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات، نوێترین حیزبە تۆمارکراوە.
 
بەگوێری زانیارییەکانی رووداو، ئێستا هەوڵێک هەیە، جگە لە بەربژێرانی لاهوور شێخ جەنگی، ژمارەیەک پەرلەمانتاری پێشوو، کەسایەتی و سیاسەتڤانی ناڕازی لە حیزبەکانیان، لەژێر ناوی هاوپەیمانیی بەرەی گەل کۆببنەوە و وەک لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لە هەر چوار بازنەش بەربژێریان هەبێت.
 
ئێستا جگە لە پارتی و یەکێتی، زۆربەی لایەنەکانی دیکە بەو ئاراستەیە کار دەکەن، هەتابکرێت بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن و هاوپەیمانی پێکبهێنن.
 
محەممەد هاودیانی، بەرپرسی دەزگای پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەموو ئەو لایەن و لیستانەی لە بەرەی ناڕازین، ئەوانە نین لە حکومەت بەشداربووبن، ئێمە ئامادەین لەگەڵیاندا رێکبکەوین و بەرەیەکی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان بکەینەوە، ئەوە پڕۆژەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە."
 
کاردۆ محەممەد، رێکخەری ژووری پەرلەمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، "لە گفتوگۆداین لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی خەریکی ئەوەن بە چ شێوازێک بەشداریی بکەن، نامانەوێت بەشدارییەک بێت هەر بۆ بەشداری، بەڵکو دەمانەوێت بەشداریی بکەین و جەمسەرێکی بەهێز لە کوردستان دروستبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت گوشاری گۆڕانکاری بکات."
 
بڕیارە دوای تۆماری حیزب و هاوپەیمانێتییەکان، لەنێوان 12 بۆ 14ـی ئادار، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەست بە وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.