پشدەرییەکان دەڵێن ئەوان یەکەمجار لە خەبات راپەڕینیان کردووە؛ بەڵگەش دەخەنەڕوو
رووداو دیجیتاڵ
"رۆژی 4ـی 3ـی 91 یەکەم پڕیشکی راپەڕین لە ئۆردووگای خەباتەوە سەریهەڵدا"، ئەمە دەنگێکی دۆکیومێنتکراوی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستانە لەگەڵ مانشێتێکی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، کە لە 4-3-1992 پیرۆزبایی یەکەمین ساڵیادی راپەڕین دەکات و نووسراوە "راپەڕین لە ئۆردووگای زۆرەملێی خەبات چەخماخەی دا".
تیمی رووداو چووەتە ئەو شوێنەی قەزای خەبات لە باکووری رۆژئاوای هەولێر، کە قەڵادزەیی و سەنگەسەرییەکان دەڵێن رۆژی 4ـی ئاداری 1991 لە دژی دەسەڵاتدارانی بەعس تێیدا راپەڕیون و سەربازانی سوپای عێراقیان لە ناوچەکە وەدەرناوە."
ئەبوبەکر یەکێکە لەو گەنجە قەڵادزەییانەی لە راپەڕینەکە بەشدار بووە، ئەو بە گەڕانەوەی بیر و یادەوەری بۆ رۆژە سەختەکان، چیرۆکی دروستبوونی "چەخماخەی راپەڕین" بۆ رووداو دەگێڕێتەوە.
ئەبوبەکر مەلا حەسەن، بەشداربووی راپەڕینەکەی چواری ئادار لە ئۆردووگای خەبات بە رووداوی گوت "بەیانیی چواری سێ، کاژێر 10:00 بۆ 10:30 سەنگەسەری، قەڵادزەییەکان و حەوزەی پشدەرییەکان بەگشتی لێرە بوون، تەوارییەکان هاتن و کوڕێکیان دەستگیرکرد، لەوێ خوشکی کوڕەکە زۆر مەردانە پەلاماریان دەداتەوە و لەگەڵیان بەشەڕدێت، ئیدی خەڵکیش لەناخی خۆیدا پەنداوی خواردبووەوە."
لەدرێژەی باسەکەدا ئەبوبەکر دەڵێ "کوڕێک هاتە لای ئێمە و گوتی 'چەکمان هەیە، لە مەکتەبە بۆ نەچین بیهێنین؟' ئێمەش ئاماژەمان پێی دا و گوتمان 'بچۆ بیهێنە'. خوا هەڵناگرێ، چوو چەکەکانی هێنا و بە ئێمەی دا. تاوەکو کاژێر 04:30 بۆ 05:00 رووبەڕووبوونەوە هەبوو لەگەڵ تەواری، ئەمن و ئیستخباراتەکان، دواتر وردە وردە ئێوارەکەی کشانەوە ئەوبەر."
دوای بۆردوومان و سەرکوتکردن، ساڵی 1989 حیزبی بەعس دانیشتووانی دەڤەری پشدەری بۆ ئۆردووگاکانی خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر و بازیان لە سنووری سلێمانی راگواستبوو.
ئافرەتان بەشێکی کارای رووبەڕووبوونەوەکەی سەربازانی بەعس بوون لە ئۆردووگای خەبات.
بەناز خدر، ئەوکاتە تەمەنی 20 ساڵ بوو، لەنێو قەڵادزەییەکان بە خەجە باوە و لەیلا قاسم دەچووێندرێت، رۆڵێکی کاریگەری هەبووە.
بەناز خدر، بەشداربووی راپەڕینەکەی چواری ئادار لە ئۆردووگای خەبات بە رووداوی گوت ''ساڵی 1991 نە ئاو هەبوو، نە کارەبا، هیچ نەمابوو. دەچوومە ئەودیو ئاو رابکێشم، بینیم کوڕی ماڵی دراوسێکەمان رایدەکرد، گوتم 'ئەوە بۆ رادەکەی؟' گوتی 'باجی بەناز، ئەمن بەدوامەوەیە.' گوتم 'بۆ رادەکەی؟ رامەکە."
بەناز، کە کراسێکی رەشی کوردیی پۆشیوە لەکاتێکدا قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ پێش 33 ساڵ "کوڕانە بووم، شەڕواڵم لەبەردەکرد، هەروەکو کوڕ بووم. ستڵەکەم فڕێدا و رامکرد و گوتم 'کاکە وەرە، مەترسە' و، بە کۆڵانەکەدا هاوارم کرد و گوتم 'هەستن، تاکەی وا بە نامەردی بمانکوژن و لەنێومانبەرن؟' کە وامگوت، پیاوەکان هەموو چوونەوە ماڵەکانیان، ئەوکاتە لە ماڵەوە چەکمان هەبوو، چەکیان دەرهێنا و کەوتینە دوای ئەمن و ئیستخبارات، هەرلەوێ دوو ئەمن کوژران، دواتر برایانی قەڵادزەش وەک کاک فەرەیدوون، کاک بێستوون، کاک ئەحمەد و ئەوانی دیکە، هەموو خەڵکەکە یەکپارچە هەستان و بوو بە رۆژی حەشر... زۆر زۆر خۆش بوو."
لە راپەڕینەکەی ئۆردووگای خەبات، دوو گەنج؛ یەکێکیان بەختیار عومەر قەڵادزەیی و محەممەد فارووق کە دیبەگەیی بوو، دەکەونە بەر گوللەی سەربازانی بەعس و شەهیددەبن.
برایەکی شەهید بەختیار لەسەر گۆڕەکەی بەشێک لەو بەڵگانەی دەزگا ئەمنییەکانی عێراق نیشاندەدات، کە ئاماژە بە خۆپیشاندانێک لە ئۆردووگاکە و شەهید بەختیار دەکەن.
ئومێد عومەر، برای شەهید بەختیار بەمشێوەیە باسی ئەو کاتە دەکات "من، ئەوکاتە لە سەرەتایی بووم، (شەهید بەختیار) هەمیشە ئامۆژگاریی ئێمەی دەکرد کە نیشتمانی خۆمان خۆشبووێت."
سەبارەت بە براکەشی دەڵێ "بە مانای وشە گەنجێکی خوێنگەرم بوو. بەعسییەکان ئیستفزازی خەڵکی ئێرە، خەڵکی قەڵادزە و پشدەریان دەکرد، گەنجی ئەوکاتەش ئەوەیان قبووڵ نەبوو، بەتایبەت شەهید بەختیار کە گەنجێکی هۆشیار بوو، خۆپێشاندان دەستیپێکرد و دواتر سەریکێشا بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەکداری، ئیدی بەداخەوە شەهید بوو."
هەرچەندە پشدەرییەکان دەڵێن "لە چواری ئادار یەکەم تەقەی راپەڕین ئێمە کردوومانە،" بەڵام بە بڕیاری ژمارە پێنجی ساڵی 1993ـی پەرلەمانی کوردستان راپەڕینی رۆژی پێنجی ئاداری 1991 لە رانیە، دەستپێکی راپەڕینە.