شەقامی 120 مەتری هەولێر کرایەوە

رووداو - هەولێر 

شەقامی 120 مەتری هەولێر، کە درێژترین شەقامی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانە، رۆژی یەکشەممە 5-2-2017 بەفەرمی کرایەوە.

شەقامەکە، بە یەکێک لە پرۆژە ستراتیژییەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، 38 کیلۆمەتر درێژە، بە تەواوبوونیشی بەشێکی زۆری کێشەکانی هاتووچۆی هەولێر چارەسەر دەکات و، قەرەباڵخی نێو شار کەمدەکاتەوە.

لە تایبەتمەندییەکانی شەقامی 120 مەتری هەولێر ئەوەیە؛ هیچ یوتێرنێک و پێچێکی تێدا نییە، هەموو پێچکردنەوە و لادانەکانیش لەسەر شەقامەکەوە، لەرێگەی بەرزەپرد و پردی لادانەوە ئەنجامدەدرێن.

دیزاینی دروستكردنی شەقامی 120 مەتری هەولێر لە ساڵی 2007 تەواوبووە، هەروەها بڕی 450 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی شەقامەکە تەرخانکراوە.

نێچیرڤان بارزانی: بەبێ بەشداریکردنی کاریگەری کەرتی تایبەت کوردستان ئاوەدان نابێتەوە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی شەقامەکەدا لە گوتارێکدا رایگەیاند "شەقامی 120 مەتری هەولێر پرۆژەیەکی گرنگە بۆ ئاوەدانی و، ئاسانکاری لە هەرێمی کوردستان. کردنەوەی پرۆژەکە نیشانەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان هێشتا خەڵکی دڵسۆزی هەیە".

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا نێچیرڤان بارزانی، جەختیکردەوە لەوەی "دڵسۆزی کۆمپانیای هێمن گرووپ بووە هۆی سەرکەوتنی پرۆژەکە... هێمن گرووپ و کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە سەلماندوویانە دڵسۆزی وڵاتەکەی خۆیانن".

لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆژەکەشەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "دەبێ زانکۆی سەلاحەددین شانازی بە پێگەیاندنی ئەو ئەندازیارەوە بکات کە سەرپەرشتی پرۆژەکەی کردووە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند "تێگەیشتنی خەڵکی کوردستان وایکرد حکومەت بەرگەی ئەو هەموو نەهامەتی و قەیرانە بگرێت. هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاوکاری حکومەت بوون و، شایستەی هەموو خزمەتێکن" گوتیشی "پێویستە کەرتی تایبەت رۆڵی گەورە لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ببینێت".




سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر: کۆمپانیا بەقەرز کارەکانی جێبەجێ کردووە

عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرەڕای ئەوەی قەیران و شەڕی داعش هەیە، بەڵام کۆمپانیاکە بەقەرز کارەکانی خۆی ئەنجامداوە".

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر هەروەها گوتی "ئەمە قۆناخی یەکەمە، قۆناخی دووەمیش، لەژێر جێبەجێکردندایە، کە لەڕێی شەقڵاوە بۆ کەرکووکە، بەڕاستی ئەمە پرۆژەیەکی زۆر رێکوپێکە و بەپێی هەموو ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە".


نەوزاد هادی: شەقامەکە قەرەباڵخی نێو سەنتەری شار کەمدەکاتەوە 

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی راگەیاند "دەستخۆشی لە گرووپی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ دەکەین، کە سەرکەوتووانە لەگەڵ بوونی قەیرانەکانیشدا ئەم پرۆژەیەی بە کوالێتییەکی بەرز ئەنجامدا".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، شەقامەکە ئاسانکاری زۆر بۆ هاووڵاتیان دەکات، چونکە شەقامی پیرمام- سەڵاحەدین بە شەقامی موسڵ دەبەستێتەوە، بەنێو عەینکاوە و بەتەنیشت فڕۆکەخانەشدا دەڕوات بەبێ ئەوەی هیچ راوەستانێکی تێدا هەبێت".

نەوزاد هادی گوتیشی "هەولێر شارێکی بازنەییە، بۆیە ئەم رێگەیە ئاسانکاریی زیاتر دەکات بۆ ئەوەی بگەیتە هەر خاڵێک لەنێو سەنتەری شار و قەرەباڵخیی نێو شەقامە سەرەکییەکانی شار کەمدەکاتەوە".

سەعدی پیرە: ئەمە یەکێکە لە رێگا ستراتیژییە گرنگەکان 

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە مەراسیمی کردنەوەی رێگاکەدا ئامادەبوو و رایگەیاند "پێموایە زۆری خەرجی خەڵک لە ئۆتۆمبێلەکانیان بەهۆی خراپی رێگا و، بەنزینی خراپ بوو، بەڵام رێگا باش دەبێت".

هەروەها رایگەیاند "ئەم رێگایە یەکێک لە رێگا ستراتیژییە گرنگەکانە، چونکە بەشێک لە تێکچوونی ژینگە بەهۆی هاتووچۆیە و، ئەو لۆری و بارهەڵگرانەی بەنێو هەولێردا دەڕۆیشتن بە دڵنیاییەوە بەشی خۆیان خاشاک و پاشماوەیان بەجێدەهێشت و، ژینگەیان تێکدەدا".

خالید خۆشناو: پێش وادەی دیاریکراو پرۆژەکەمان تەواوکرد

خالید خۆشناو، سەرۆکی کۆمپانیاکانی هێمن گرووپ، کۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەکە لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی شەقامەکە گوتی"
متمانەمان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان وایکرد بەردەوامبین لە تەواوکردنی پرۆژەکە".

هەروەها جەختی کردەوە لەوەی "راستە، ئێمە پێش وادەی دیاریکراو ئەو پرۆژەیەمان تەواوکرد، دەمانەوێت ئەوە بڵێین، رۆتین زۆر کار دوادەخات، ئەگەر ئەوە نەبووایە زووتریش تەواومان دەکرد".

 

بەرنامەی مێد ئین کوردستان لەبارەی چۆنییەتی دروستکردنی شەقامەکە 


شەقامی 120 مەتری هەولێر لە چەند گرافیکێکدا 

داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار