لە ئامەد سێ هاونیشتمانی دەستبەسەرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە گوندی تەکەلی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەچوو، سێ هاونیشتمانی دەستبەسەرکران.
سەرلەبەیانی رۆژی هەینی، 5ـی کانوونی دووەمی 2024، تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی ئامەد لە گوندی تەکەل سەر بە شارۆچکەی فارقین هەڵکوتایە سەر ماڵان.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا سێ هاونیشتمانی بە ناوەکانی موراد ئاسڵان تەمەن 26 ساڵ، سەلمان ئاکتاش تەمەن 19 ساڵ و جیهان ئاڵماز دەستبەسەر کران.
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، موراد ئاسڵان کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەرکراوە، ماوەیەکی کورتە لە زیندان ئازاد کراوە.
خاڵس ئاسڵان باوکی موراد ئاسڵان ئاماژەی بەوەداوە، پۆلیس بە پێڵاوی قوڕاوییەوە چوونەتە ناو ماڵەکانیان و دەڵێت، "لەناو ئەواندا هیچ شتێکی مرۆڤایەتییان تێدانییە. هەر کە چووینە ژوورەوە، روویان لە دیوار کردین و دەستیان بەسەر مۆبایلی کوڕەکەمدا گرت. لە ماڵەوە نەخۆشی بەساڵاچوومان هەیە."
گەڕانەکانی تیمەکان لە ماڵەکاندا نزیکەی دوو کاژێری خایاندووە.
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە، هاونیشتمانییان و چالاکڤانان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.