پۆلیسی گەرمیان: تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، یەکشەممەی داهاتوو تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دەستپێدەکات و قۆناخی یەکەم ماوەی شەش مانگ بە هاونیشتمانیان دەدرێت بۆئەوەی چەکەکانیان تۆمار بکەن، دوای ئەوە هەر کەسێک چەکی تۆمار نەکردبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 27-12-2022 وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هاونیشتمانییان کرد، هەر کەسێک چەکی (تەنیا چەکی ئاگرین: واتا دەمانچە و کڵاشینکۆڤ) لە ماڵەوە هەیە و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان نییە، لەدوای پشووی سەری ساڵ بە زووترین کات سەردانی بنکەکان بکات بۆ تۆمارکردنی چەکەکەی.
 
رۆژی پێنجشەممە 05-01-2023 عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی یەکشەممە 8ی ئەم مانگە تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەتی هاونیشتمانیان دەستپێدەکات و پێویستە سەردانی بنکەکانمان بکەن و چەکەکانیان تۆمار بکەن."
 
لە گەرمیان سێ بنکە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکراون. عەلی جەمال قەدووری دەڵێت، "لە قۆناخی یەکەم شەش مانگ بە هاونیشتمانیان دەدرێت بۆئەوەی سەردانمان بکەن و چەکەکانیان تۆمار بکەن، دوای ئەو وادەیە هەر کەسێک چەکەکەی تۆمار نەکردبێت رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە."
 
لەبارەی سزای ئەو هاونیشتمانیانەی کە چەکیان پێیە و تۆماریان نەکردووە، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان گوتی، "سزای زیندانی و پێبژاردنیش دەیانگرێتەوە."
 
لە پارێزگای هەولێر هەشت بنکە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکراون، سلێمانی 11 بنکە، دهۆک 7 بنکە، هەڵەبجە چوار بنکە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەرین هەریەک سێ بنکەیان بۆ دیاریکراوە، هەروەها لە ئیدارەکانی سۆران چوار بنکە و زاخۆ دوو بنکە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت دیاریکراون.
 
یاسای چەکی ژمارە 2ی ساڵی  2022 یەک ساڵی دیاریکردووە بۆ تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت، واتە تاوەکو تەممووزی 2023؛ دوای ئەوەش هەر کەسێک چەکی تۆمار نەکردبێت، وەکو چەکی یاساخ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
 
یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان - عێراق، لە رۆژی سێشەممە 01-03-2022 پەرلەمان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 1ی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەم دەنگی لەسەردا.
 
لە پرۆژەیاساکەدا مەرجەکانی هەڵگرتنی چەک ئەوەن کە کەسەکە مێشکی تەواو بێت، تەمەنی لە 21 ساڵ کەمتر نەبێت، ساڵانە مۆڵەتەکەی نوێ بکاتەوە، نەتوانێت هەموو جۆرە چەکێک هەڵبگرێت.
 
بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵگرتنی چەک، هەر کەسێک بیەوێت کڕین و فرۆشتنی چەک بکات، دەبێت مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆ بەدەستبهێنێت، بەگوێرەی مۆڵەتەکەش هەر کەسێک لەو شوێنە چەک بکڕێت، دەبێت مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی پێبێت، ئینجا چەکی پێبفرۆشرێت.