لە وان دوو سەرباز دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنە کۆچبەرێکی ئەفغانی و دەستگیردەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان دوو سەربازی گرێبەست بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنە کۆچبەرێکی ئەفغانی دەستگیرکران.
 
رۆژی 2ی کانوونی دووەمی 2023 لە شارۆچکە سارای سەر بە پارێزگای وان 17 کۆچبەری بەنگلادیشی و کۆچبەرێکی ئەفغانی بەناوی "ل. م." کە بە نایاسایی خۆیان گەیاندبووە پارێزگای وانی باکووری کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کران.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی نەبوونی ئەفسەری ژن لە بنکەی پۆلیس، دوو سەربازە گرێبەستەکە دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ "ل. م." کردووە، بردوویانە بۆ تاوەری چاودێری و لەوێ دەستدرێژییان کردووەتەسەری.
 
دوو سەربازەکە بە تۆمەتی دەستدرێژی دەستبەسەر کراون و دواتر بە بڕیاری دادگەی سزای سوڵح دەستگیر کراون.
 
فەرمانی نهێنی خراوەتەسەر دۆسیەی لێکۆڵینەوە کە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی سەرای سەبارەت بە رووداوەکە کراوەتەوە.