رەیان کە دوای بەرنامەی بەرپرسیار برایە هیندستان بۆ چارەسەر، کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
رەیان ماوەی 10 ساڵ بوو نەخۆش بوو، دوای بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیار خێرخوازێک هەموو خەرجیی تەندروستیی لەئەستۆ گرت و نێردرا بۆ هیندستان، بەڵام پێش وەرگرتنی چارەسەر کاژێر 01:00ی بەیانیی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
رەیان ئیبراهیم، سییەکانی و پەنکریاسی لەکارکەوتبوون، دوای بەرنامەیەکی 'بەرپرسیار'ی رووداو، خێرخوازێک تەواوی تێچووی چارەکردنی گرتە ئەستۆ و رۆژی 12-11-2023 نێردرایە وڵاتی هیندستان.
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 ئیبراهیم محەممەد، باوکی رەیان کە ئێستا لە وڵاتی هیندستانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی رەیان هێندرایە هیندستان، هەموو پشکنینێکی بۆ کرا، ئەو خێرخوازەی کە تێچووەکەی لەئەستۆ گرتبوو هەموو کارەکانی بۆ کرد و نزیکەی 7000 بۆ 8000 دۆلاری تەنیا لە ماوەی شەش رۆژی نەخۆشخانە خەرجکردووە، بەڵام دواجار کاژێر 1:00ی بەیانیی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد."
باوکی رەیان دەڵێت، "دەبوو داوای (سی)مان بۆ رەیان کردبا کە بۆ هەر داواکردنێک تاوەکو بەدەستت دەگات، دوو ساڵی دەوێت، بەڵام ئەو خێرخوازەی هاوکاریی کردین بەڵێنی پێداین لە ماوەی دوو مانگدا بەدەستمان بگات و بۆ ئەوەش هەموو شتێکی کرد، بەڵام تەندروستیی رەیان زۆر خراپ بوو. ئەمڕۆ نزیکەی 28 رۆژە لێرەین و لەوە زیاتر بەرگەی نەگرت و سییەکانی تەقین و گیانی لەدەستدا."
ئیبراهیم محەممەد، پێشمەرگەیە و باوکی دوو کچ و کوڕێکە، یەکێک لە کچەکانی کە رەیانە گیانی لەدەستدا، بە گوتەی خۆی 10 ساڵە ئەوەی لەدەستی هاتووە بۆ چارەسەری رەیان کردوویەتی، بەڵام بارودۆخی دارایی رێگەی پێنەداوە لەوە زیاتر هەوڵی بۆ بدات.
باوکی رەیان گوتیشی، "سبەی یان دووسبەی، تەرمی رەیان دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان."