چیرۆکی ژیانی خێزانێکی هەژار لەنێو کەلاوەیەک لە هەولێر؛ 'ببوورن هیچ خواردنێکمان نییە پێتان بدەین'

رووداو دیجیتاڵ 

ئازاد سدیقی تەمەن 65 ساڵ، لەگەڵ هاوژین و کچە 13 ساڵەکەیدا ماوەی 10 ساڵە ژیان لەنێو خانووەیەکی پڕ لە قوڕولیتە و کۆنە پلاستیک و کارتۆن و ئاسندا دەگوزەرێنن، مام ئازاد بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خەریکی کۆکردنەوەی کەلوپەلی فڕێدراوە لەسەر شەقامەکان. 
 
سەرباری ئەوانەش ئەو کەلاوەیەی تێیدا دەژین بە 100 هەزار دینار بە کرێ گرتوویانە و تاوەکو ئێستا پارەی چوار مانگ کرێی ئەو شوێنە قەرزارن. 
 
ئازاد سدیق باسی دۆخی ژیانی خۆی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئیشەکە کزبووە، کەلوپەلەکان بۆ مامزاوە دەبەم ئەویش شتەکان پارە ناکەن، ئەوە مەعقوولە کیلۆی بە 150 دینار بێت؟ یان کیلۆیەک مەقەبا بە 100 دیناری دەفرۆشم."
 
خانووەیەکەی مام ئازاد هێندە خراپە، حەوشە و دوو ژوورە بچووکەکەی کەلاوەکە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، ژوورەکان بێ فەرش و سارد و سڕن. رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەسەر سندوقێکی میوە لای مام ئازاد دادەنیشێت و مام ئازادیش بەردەوام بوو لە گێڕانەوە چیرۆکی ژیانی خۆی. 
 
ئازاد سدیق گوتی، "کرێچی بین وەزعمان چۆن باش بێت، تەمەن رۆشتووە، رۆژانە 20 کاژێر لە کارکردن دەبم، بەڵام ئەم ساڵ نا، چونکە تەندروستیم باش نییە، ئەگەر خێرخوازێک شتێک خانوویەک شتێکمان بۆ پێکبهێنێت سەر بە نایلۆنەکانیش بێت، بەخوا کرێ گەلەک زەحمەتە، من خەرجی چی بکەم، کیژۆکەکمان هەیە تەمەنی 13 ساڵە، بە قورئان ژن گەلەک غەریبە، ژن بە گشتی غەریبن من سکم بە ژنان دەسووتێت، خێزان[هاوژین]م زۆر خۆشدەوێت."
 
کاتێک تیمی رووداو سەقاڵی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە بوون لە ماڵی مام ئازاد، زوو زوو خۆی و هاوژینەکەی پێی دەگوتن، "ببوورن هیچ خواردن و خواردنەوەیەکمان نییە پێشکێشتانی بکەین."
 
ساردکەرەوەکەی ماڵی ئازاد سدیق هیچ خواردن و خواردنەوەیەکی تێدانییە؛ ئەو کاتەی بارانیش دەبارێت، ترسی کۆبوونەوەی ئاو لەنێو کەلاوەکە، برسییەتی و نەبوونییان بیردەباتەوە.
 
ئەمیر، یەکێکە لە دراوسێیەکانی مام ئازاد، باسی دۆخیان دەکات و دەڵێت، "باوەڕت هەبێت، رۆژی وا هەبووە، هاتووەتە لای من گوتوویەتی سێ بۆ چوار رۆژە کەسمان نانمان نەخواردووە." 
 
بە گوتەی ئازاد سدیق لە ساڵی 2000 ـوە وەک خزمەتگوزار لە چەند نەخۆشخانەیەکی هەولێر کاریکردووە، لە مانگی 7ـی 2022وەوە خانەنشین بووە، بەڵام تائێستا مووچەی خانەنشینی پێنەدراوە.
 
رووداو بەدواداچوونی بۆ کەیسی خانەنیشینی مام ئازاد کرد، دەرکەوت بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، مووچەکەی پێنەدراوە، ئەم مانگە مامەڵەکەی تەواوبووە و مووچەی مانگەکانی حەوت، هەشت و نۆی بەیەکەوە پێدەدرێت.