هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی زێت راگیرا

رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای مێرگەسۆر رایگەیاند، بەهۆی کارکردن لە دیوی تورکیاوە لە دەروازەی زێت، ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری راگیراوە و بڕیارە سبەی سێشەممە دەستپێبکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 04-12-2023 غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، ئەمڕۆ هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی زێت راگیرا و بڕیارە سبەی دووبارە دەستپێبکاتەوە. 
 
بە گوتەی قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، راگرتنی هاتووچۆی گەشتیاری بەهۆی کارکردنە لە دیوی تورکیا، "سەرقاڵی کارکردنن لە رێکخستنەوەی کەمپەکان بۆ وەرزی زستان و سبەی کارەکان تەواو دەبن."
 
دەروازەی زێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا رۆژی چوارشەممە، 10-05-2023 کرایەوە، دەروازەکە کە کرایەوە بەشەکان تەنیا بە کەرەڤانە دروستکرابوون، بڕیارە ئێستا لە دیوی هەرێمی کوردستانیش کامپ دروست بکرێت و دەست بە کارکردن کراوە. قایمقامی مێرگەسۆر دەڵێت، "ئەوە کارەکان راناگرێت کاری خۆمان دەکەین و جێگرەوەشمان هەیە."
 
دەروازەی زێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان دەکەوێتە سنووری قەزای مێرگەسۆرەوە و هەردوو پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستان و جۆلەمێرگ لە باکووری کوردستان پێکەوە دەبەستێتەوە و لە دیوی باکووری کوردستانەوە ناوی دەروازەی سنووریی گرانەیە.
 
دەروازەکە تائێستا بۆ هاتووچۆی گەشتیارییە و رۆژانە نزیکەی 2300 کەس هاتووچۆ دەکەن.
 
ساڵی 2013 بڕیاری کردنەوەی دەروازەی زێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا درا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، کردنەوەی دەروازەکە پەکیکەوت.
 
لە هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەن؛ حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کە هاوسنوورن لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگای دهۆک کە هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی تورکیا، ئەوە جگە لە چەندین دەروازەی نافەرمی دیکە کە لەگەڵ هەردوو وڵات هەیە.