دابەشکردنی نەوت لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، سبەی دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەرین و گەرمیان دەستپێدەکاتەوە.
 
رۆژی دووشەممە 04-12-2023 بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی روونکردنەوەیەکی لەبارەی هەواڵی تایبەت بەو نەوتە بڵاوکردەوە کە بڕیارە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت و بە 50 هەزار دینار دابەش دەکرێت، تێیدا رایگەیاندووە، "تاوەکو ئەمڕۆ یەک لیتر لەو نەوتە نەگەیشتووەتە هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو لە 1ی ئەم مانگەوە بگات، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی هاووڵاتییان نەوتی وەزارەت وەرنەگرن، کە نرخەکەی 103 هەزار و 500 دینارە."
 
 
بەگوێرەی روونکردنەوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ئەگەر ئەو نەوتەش بگات، ئەوا لەسەر بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە ناوچە شاخاوییەکاندا دابەش دەکرێت.
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بڕیارمان داوە سبەی بە هەمان میکانیزمی پێشوو لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان دەست بە دابەشکردنی نەوت بکەینەوە کە ئێستا لە مەڵبەندی یەک، دوو و سێ دابەش دەکرێت."
 
بە گوتەی سەلام عومەر، پار تاوەکو مەڵبەندی حەوت نەوت دابەشکرا و ئەمساڵیش تاوەکو مەڵبەندی 10 دابەشکردنی نەوت تەواو بووە کە دوایین مەڵبەندە و ئێستا لە مەڵبەندەکانی یەک، دوو و سێ دەستیپێکردووەتەوە.
 
لە دوو رۆژی رابردوودا دابەشکردنی نەوت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان راگیرا، چونکە هاونیشتمانیان ئامادەنەبوون یەک بەرمیل نەوت بە 103 هەزار دینار وەربگرن و چاوەڕوان بوون نەوتی حکومەتی عێراق بگات.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کە دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، 59 ملیۆن و 914 هەزار و 340 لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 32 ملیۆن و 287 هەزار لیتر نەوت دابەشکراوە؛ لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیش 58 ملیۆن 955 هەزار و 400 لیتر نەوت دابەشکراوە، کە گۆی گشتی ئەو نەوتە 151 ملیۆن و 156 هەزار و 740 لیترە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا 755 هەزار و 784 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە؛ هەروەها 532 هەزار و 162 خێزان ماون نەوت وەربگرن.
 
لە پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆرترین خێزان سوودمەندبوون کە 299 هەزار و 572 خێزانن؛ دواتر پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 294 هەزار و 777 خێزان یەکی بەرمیلێک نەوتیان وەرگرتووە؛ لە پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆش 161 هەزار و 435 خێزان نەوتی سپییان وەرگرتووە.
 
رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.
 
پار وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتی بەسەر زیاتر لە 383 هەزار خێزانی ناوچە شاخاوییەکاندا دابەشکرد. لە 20ـی ئۆکتۆبەرەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکرد و تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئادار بەردەوام بوو.
 
زۆرترین نەوت ساڵی پار لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر دابەشکرا کە زیاتر لە 31 ملیۆن لیتر بوو؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی زیاتر لە 24 ملیۆن لیتر؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک زیاتر لە 15 ملیۆن لیتر و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەڵەبجەش زیاتر لە 639 هەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکرا.