لە مێردین 10 رۆژ گردبوونەوە و رێپێوان قەدەخە کرا

 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان قەدەخەکردنی هەموو جۆرە چالاکییەکی گردبوونەوە و رێپێوانی بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند.
 
رۆژی دووشەممە 04-11-2024 پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان بڵاویکردەوە، لە کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە تاوەکو کاژێر 07:00ی بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 14ی تشرینی دووەم، بۆ ماوەی 10 رۆژ، جگە لەو چالاکییانەی پارێزگا و قایمقامیەت بە گونجاوی دەزانن، هەموو جۆرە چالاکییەک قەدەخە کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ماددەکانی 17 و 19 لە یاسای ژمارە 2911ی تایبەت بە رێپێوان و کۆبوونەوە، هاوکات بەپێی رێکارەکانی ماددەی 11 لە یاسای ژمارە 5442ی تایبەت بە کارگێریی پارێزگاکە، بە مەبەستی پاراستنی ماف و ئازادییەکان و رێگریکردن لە هاندان بۆ کاری خراپە، چالاکییەکانی وەکو کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، میتینگ، رێپێوان، ئێشکگرتن، خێوەت هەڵدان و راپرسی و هەموو جۆرە چالاکییەکانی دیکە قەدەخە کراوە.
 
ئەم راگەیێندراوەی پارێزگای مێردین دوای ئەوە هات کە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 04-11-2024، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، قەیووم لەسەر گەورە شارەوانی مێردین، شارەوانی ئێلیهـ و شارەوانی شارۆچکەی خەلفەتی سەربە پارێزگای روهای باکووری کوردستان دانرا.