لە کرماشان بەهۆی هەورە برووسکەوە هاونیشتمانییەک برینداربوو و 17 سەر مەڕیش مرداربوونەوە
هەولێر دیجیتاڵ
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی هەورە برووسکەوە هاونیشتمانییەک بریندار بوو و 17 سەر مەڕیش مرداربوونەوە.
سیروس سادقی، جێگری قایمقامی شاری سەرپێڵی زەهاوی سەر بە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، هەورە برووسکەکە لە سنووری گوندی رەفیعی سەر بە سەرپێڵی زەهاوی داوە و لە ئەنجامدا هاونیشتمانییەک بریندار بووە و 17 سەر مەڕیش مرداربوونەوە.
بە گوتەی سیروس سادقی، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە ئەو هاونیشتمانییە خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانی بووە و لەو کاتەدا هەورە برووسکە لە شوێنێکی نزیکی مەڕەکانی داوە.
جێگری قایمقامی شاری سەرپێڵی زەهاوی گوتیشی، هاونیشتمانییەکە گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە و تەندرووستی باشە.
ساڵانە تێکڕا نزیکەی 4 هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی هەورە برووسکەوە گیانلەدەستدەدەن و هەزاران کەسی دیکەش بریندار دەبن.