لە ناوچە شاخاوییەکانی چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان بەفر باری


رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی جۆلەمێرگ، وان، قەرس و ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەفر باری و بەشێكی لووتکەی چیاکانی سپیپۆش کرد. 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2023، لە پارێزگای جۆلەمێرگ یەکەمین بەفری ساڵ لە چیای سمبر و بەرزاییەکانی دەوروبەری باری کە سێ هەزار و 467 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. 
 
لە ناوەندی شاری جۆلەمێرگ ماوەی دوو رۆژە لەسەریەک بارانی بەخوڕ دەبارێت. لە پارێزگای وانیش لە چیای کارابەت گەچیدی کە دوو هەزار و 985 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەفر باری.
 
ئەم چیایە دەڕوانێت بە سەر رێگەی سەرەکیی وان-جۆلەمێرگ و بەهۆی تەمومژەوە مەودای بینین لەو رێگەیە کەمبووەوە و تا رادەیەک گرفتی بۆ شۆفێران دروستکرد. 
 
لە پارێزگای قەرسیش کە ماوەی چەند رۆژێكە باران دەبارێت، ئەمڕۆ لە بەرزاییەکانی چیای سۆغانڵی کە دەوری شارۆچکەی قامووشانی داوە و دوو هەزار و 600 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەفرێکی زۆر باری، بە جۆرێک دارستانەکانی ساری چام ـیشی لە سنووری ئەو شارۆچكەی سپیپۆش کرد. 
 
هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای ئەرزەڕۆم لە چیای ئەژدەر کە لووتکەی چیای پاڵاندۆکەنە و یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی خلیسکێنەی سەر بەفری باکووری کوردستان و تورکیای لێیە، یەکەمین بەفری ساڵ باری. 
 
لە ناوەندی شاری ئەرزەڕۆم و بەرزاییەکانی ماوەی سێ رۆژە بارانی بەخوڕ دەبارێت، بەهۆی دابەزینی پلەی گەرما ئەمڕۆ تەم و مژێكی زۆر بەرزاییەکانی ئەرزەڕۆمی گرتەوە و لەگەڵ بارینی بەفر بەرگێكی سپی پۆشی. بەشێک لە خەڵکی شارەکە بۆ بینینی بارینی بەفر روویان لە چیای پاڵاندۆکەن کرد.