خێزانێکی ئاوارەی کۆبانێ لە دێگەڵە لە نێوان هەولێر و سلێمانی دا رێیان لێگیراوە و وەرناگیرێن


رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێکی رۆژئاوای کوردستان بە رێگەی قاچاخ لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و ئاسایشی کۆیە سێ هەفتە مۆڵەتی پێداون شارەکە جێبهێڵن و، بازگەی هەولێر رێگەی هاتنە ناوەوەیان پێنادات.
 
هەفتەیەکە خێزانێکی 14 کەسیی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لە کۆیە گیریان خواردووە. ئەو خێزانە لە ساڵی 2014ـەوە لە باکووری کوردستان بوون، بەڵام دوای روودانی بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابووری لە رێگەی ئێرانەوە بە قاچاخ هاتوونەتە نێو هەرێمی کوردستان. 
 
یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە بە رووداوی گوت، "حەوت هەزار دۆلارمان هەبوو، هەموومان دا بە قاچاخچییەک بۆ ئەوەی بە ئێراندا بمانهێننە هەرێمی کوردستان، بەڵام کاتێک گەیشتین، لەلایەن ئاسایشی کۆیەوە دەستگیرکراین، رۆژێکیان مۆڵەت پێداین بۆ ئەوەی شارەکە جێبهێڵین".
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، "ئاسایش پێیان گوتین دەبێ مۆڵەتی نیشتەجێبوون لە ئاسایشی نشینگە وەربگرین، بەڵام ئێمە گوتمان دەمانەوێ بچین بۆ هەولێر، کاتێکیش بەرەو هەولێر هاتین، لە بازگە رێگەیان پێنەداین و گوتیان هیچ بەڵگەیەکی یاساییتان نییە؛ بۆیە بە ناچار گەڕاینەوە و دواتر ئاسایشی کۆیە مۆڵەتەکەی بۆ سێ هەفتە درێژکردەوە".
 
ئەو خێزانە ئێستا لەلایەن خێرخوازێکی خەڵکی کۆیە خانوویەکیان پێدراوە بۆ ئەوەی تێیدا بمێننەوە و بەهۆی لەدەستدانی پارەکەشیان هەر خێرخواز خواردنیان بۆ دەبەن. بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ماوەی هەفتەیەکە لەو دۆخە نالەبارەدان و داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار بە هانایانەوە بچێت بۆ ئەوەی بچن بۆ هەولێر و دەست بە کاروباری یاسایی دەرهێنانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بکەن.