لە باکووری کوردستان و تورکیا 37 کەس بە تۆمەتی پەکەکە دەستگیرکران و دوو کەسیش کوژران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیادا 37 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاریکردنی پەکەکە دەستگیرکران و دوو کەسیش کوژران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2023، تیمەکانی سەر بە فەرماندەیی گشتیی جەندرمە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش لە پارێزگاکانی وان، رووها، خارپێت، ئامەد، کیلیس، ئیدر و مەڕەشی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، دوزجە، بورسا، ئەدیرنە، کرکڵارئەلی، هاتای، ئادانا و دەنیزلی ـی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر چەندین شوێن و 37 کەس دەستگیرکران.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان، تەقە لە دوو کەس کرا و هەردووکیان کوژران. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لە 15 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیادا ئۆپەراسیۆنێکی نوێیان ئەنجامداوە و 37 کەسیان دەستگیرکردووە.
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئەو دوو کەسەی لە پارێزگای ئاگری تەقەیان لێ کراوە و کوژراون، پێشتر فەرمانی گرتنیان هەبووە و "تیرۆریست" بوون، لە کاتێکدا هەوڵیان داوە بچنە ئەودیوی سنوور و لە تورکیا هەڵبێن تەقەیان لێ کراوە.
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە بۆسەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە دەستیپێکرد.
رۆژی دووشەممە لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، کرکڵارئەلی تورکیا 20 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیران.
رۆژی سێشەممە بە بەشداریی 13 هەزار و 440 کەس لە ئەندامانی پۆلیسی تایبەت، کۆماندۆی جەندرمە و گوندپارێز لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا 466 ئۆپەراسیۆن ئەنجامدران و 90 کەس دەستگیرکران.