وەزارەتی تەندروستی: پابەندنەبن لە پاییز و زستان تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا زۆر زیاتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر هاونیشتمانییان ئاگایان لەخۆیان نەبێت، لە پاییز و زستاندا تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا زۆر زیاتر دەبێت و هیچ نەخۆشخانەیەکی حکومی و ئەهلی شوێنی نامێنێت بۆ نەخۆش.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کۆرۆنا مەترسیدارە و لە دهۆک و سلێمانی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، لە هەولێر و هەموو شارەکانی دیکەش پێشبینی زیاتر دەکرێت، کۆرۆنا جیاوازی ناکات لە هیچ سنوور و شوێنێک.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوا و تکا لە هاونیشتمانییان دەکات و دەڵێت "خۆتان باش بپارێزن و ئەم نەخۆشییە بەهەند وەربگرن."
ئەمڕۆ یەکشەممە 04-10-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 620 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و 19 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە. بەمەش ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا 50 هەزار کەسی تێپەڕاند.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 50 هەزار و 248 کەس تووشی کۆرۆنا بوون. هەروەها 31 هەزار و 996 کەس چاکبوونەتەوە و هەزار و 826 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها 16 هەزار و 426 کەس لەژێر چارەسەری پزیشکدان.
هەروەها لە ماوەی 4 رۆژی رابردوودا 28 کەس لە سلێمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 126 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوەدەکاتەوە کە پێویستە هاونیشتمانییان بەردەوام پابەندنی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لەکاتی چوونەدەرەوەیان ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن.