لە کفری باڵەخانەی میحوەری پێشمەرگە رادەستی بەڕێوبەرایەتی چاکسازیی هەرێمی کوردستان کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

باڵەخانەی میحوەری پێشمەرگە رادەستی بەڕێوبەرایەتیی چاکسازیی هەرێمی کوردستان لە کفری کرایەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، یەکێک لە داواکاریی خۆپیشاندەرانی کفری لە مانگی رابردوودا، رادەستکردنەوەی بینای گرتوخانەی کفری بوو. 
 
ئیحسان بابان، بەڕێوبەری چاکسازی هەرێم دەڵێت، "تیمێکی هەندەسیمان هێناوە لەگەڵ خۆمان بۆ ئەوەی ئەم بینایە نۆژەن بکەینەوە و گەورەی بکەینەوە. ئێستا نزیکە 400 بۆ 500 سزادراو لە سلێمانین، دەمانەوێت قورسی رێگەی کەلار - سلێمانی کە بەرێگەی مەرگ ناسراوە لەسەر کەسوکاریان کەم بکەینەوە."
 
باڵەخانەی گرتوخانەی کفری لە ساڵی 2007 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروست کراوە. لەو کاتەوە میحوەری پێشمەرگەی قەرەتەپە - حەمرینی تێدایە.
 
ئێستا شوێنەکەیان زیاتر لە 31 کیلۆمەتر لە سەنگەرکانی پێشمەرگە گواستراوەتەوە.
 
لیوا مەردان چاوشین، بەرپرسی میحوەری قەرەتەپە - حەمرین دەڵێت، "ئەو شوێنە دوورە. ئەو دوورەدەستیە 31 کیلۆمەتر و 800 مەترە. ئەوە رووی سەرکردایەتی و سەربازییەوە نایەتەوە و گونجاو نییە، بۆیە ئێمە داوامان ئەوەیە زوو بینایەکمان لەم نزیکانە بۆ دروست بکرێت." 
 
بڕیارە باڵەخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و بەڕێوبەرایەتیی چاکسازی گەورانی گەرمیانی تێدا بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی هەرێمی کودستان، 400 راگیراوی گەرمیانی لە گرتووخانەی چاکسازیی گەورانی سلێمانین، دوای تەواوکردن و نۆژەنکردنەوەی باڵەخانەکە، دەگەڕێندرێنەوە بۆ گەرمیان.