داپیرەی سەمەد: لەکاتی شەهیدکردنی لە خۆپێشاندانەکانی کەرکووک بەردیشی پێ نەبووە
رووداو دیجیتاڵ
سەمەد محەممەدی تەمەن 19 ساڵ، یەکێکە لەو چوار کەسە بوو، کە لە شەوی خۆپێشاندانەکانی کەرکووک لە 2-9-2023 بە گوللـەی هێزە ئەمنییەکان لە جوتسایدی سەرچنار گیانی لەدەستدا. سەمەد هەر لە کۆرپەییەوە لەلایەن داپیرییەوە بەخێوکراوە، کە بە دەنگی نووساوەوە لە پرسەکەیدا دەپرسێت "بۆچی شەهیدتان کرد؟ تەنانەت بەردیشی پێ نەبووە."
رابیعە جومعە، داپیرەی سەمەد محەممەد، دەڵێ "کە سەمەد لەدایکبوو، دایکی بەویستی خوا کۆچی دوایی کرد و، دایکی باوکی بۆ منی هێنایەوە." ئیدی لەو کاتەوە وەک کوڕی خۆی بەخێویکردووە نەوەک نەوەی.
داپیرە جگەرسووتاوەکەی سەمەد باسی دوایین رۆژەکانی نەوەکەی دەکات و دەڵێ "چەند رۆژ بوو هەر بە داخ بوو بۆ کەرکووک، هەر دەیگوت 'ئێمە ژێردەستەین'، 'ئەوەتا بازگەیان داناوە و ناهێڵن ئۆتۆمبێل بێت و بچێت'، هەر لەخۆڕا وایان لە کوڕەکەمان کرد. بۆ فیشەکتان پێوەنا، چییان کردبوو؟ کوڕەکانی ئێمە چەکیان پێنەبوو، بەخوا دەڵێن بەردیشیان پێنەبووە."
کەسوکاری شەهید و بریندارەکانی کەرکووک لە دادگا سکاڵایان لەسەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکان تۆمارکردووە، کە تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کردووە.
ئەگەرچی هەڵمەتی گەڕان و پشکنین نەماوە، بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە هێزەکان هەر لە گەڕەکە کوردییەکان نەکشاونەتەوە، ناوبەناو بازگە دادەنێن و بەشێک لە رێگەکانیان داخستووە.
خەڵکی کەرکووک دەخوازن لایەنەکان کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن و، ببنە پارێزەری کەسوکاری قوربانییەکانیش.
شکار عەبدوڵڵا، دانیشتووی گەڕەکی شۆرجە لە کەرکووک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێمە بەرپرسی خۆمان هەیە، هیوادارم هەموو شتێک بە یاسا چارەسەر بکرێت، نەوەک بە شەڕ و ئاژاوە."
فواد ئەحمەد، دانیشتوویێکی دیکەی گەڕەکی شۆرجە دەڵێ "خوایە خۆت ئاگاداری؛ هەموو کات داوای یەکگرتوویی دەکەین، کەرکووک لەژیانیدا دەستدرێژیی لە کەس نەکردووە."
لایەنە کوردییەکان هۆشداری دەدەنە هێزە عێراقییەکان؛ دەست لە هەراسانکردنی کوردانی کەرکووک هەڵبگرن. یەکێتی جیا لە پەیامی بۆ هێزە ئەمنییەکان، دەشخوازێت کوردیش بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.
ئاسۆ مامەند، لێپرسراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێ "بە ئاڵای کوردستانەوە، بە ئاڵای لایەنێکەوە تەقە کراوە، ئەمەش هانی هێزە عێراقییەکان دەدات بێتەوە گەڕەکە کوردییەکان، بۆیە دەبێت خەڵکی کەرکووک، تێبگەن، فەرموون کاسبکار و رۆشنبیری ئەو شارە چی لە بەرژەوەندیی ئەو شارەیە، ئاوا بڕیار بدەین، نەوەک ئەوەی چوار ئۆتۆمبێل دەبێتە هۆکاری ئەوەی هێز بنێرینەوە ئەو شوێنانە."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر رووداوەکانی رۆژانی رابردوو بەتایبەت خۆپێشاندانی کوردانی کەرکووک و شەهید و بریندارکردنی ژمارەیەک گەنج، هەندێ لە فەرماندەکانی سوپا و پۆلیس رووبەڕووی رێکاری لێکۆڵینەوە کراونەتەوە.