حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان: ئەم مانگە ناونووسین بۆ حەجی 2024 دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەم مانگە ناونووسین بۆ حەجی 2024 رادەگەیێنن و داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات سەردانی نووسینگەکان نەکەن بەمەبەستی ناونووسین تاوەکو بە فەرمی رادەگەیێندرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرقاڵی ئامادەکارییەکانین بۆ وەرزی نوێی حەج، هەندێک رێکار هەن پێویستە بکرێت هەر کە تەواوبوون وەرزی حەجی 2024 رادەگەیێنین کە هەر لەم مانگەدا دەبێت". 
 
بڕیاربوو ئەمساڵ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بەشێوەی ئۆنڵاین ناویان بۆ حەج بنووسن، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی رێکارەکان بڕیارە ئەمساڵیش لە رێگەی نووسینگەکانی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف ناویان تۆماربکەن و دواتر دەکرێتە تیروپشک و هەموو ئەو کەسانە دیاریدەکرێت کە ناویان بۆ حەج دەگەڕێتەوە.  
 
شێخ نیاز نەقشبەندی دەڵێت، "دوای ئەوەی رێکارەکان تەواوبوون و وەرزی حەج راگەیێندرا دواتر ماوەیەکی دیاریکراو دادەنێن بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان سەردانی نووسینگەکان بکەن و ناویان تۆماربکەن".
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان نایەوێت هەر کەسێک خواستی حەجکردنی هەبێت، ناوی خۆی تۆمار بکات. شێخ نیاز نەقشبەندی لەو بارەیەوە 20ـی ئاب بە رووداوی گوت، "هەموو کەسێک توانای حەجی نییە. ئەمساڵ خەڵكمان لەگەڵ بوو تەمەنی 80 و 100 ساڵ بوو کە ئەوانە بۆ خۆشیان بوونە ئەرک، بۆیە لە بەرنامەدایە کە لیژنەیەک پێکبهێنین، ئەو لیژنەیە لە بەغداش هەیە بەناوی لیژنەی توانایی، ئەو کەسانەی کە ناویان بۆ حەج دێتەوە لیژنە دەیانبینێت، هەر کەسێک توانای حەجی نەبوو، رێگەی پێ نادرێت". 
 
ئەمساڵ 4685 حاجیی هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێهێنا، کە 720ـیان بە رێگەی وشکانی و ئەوانی دیکە بە رێگەی ئاسمانی سەردانی سعودیەیان کرد.