لەگەڵ رەنج؛ دووكەڵی موەلیدە، ئۆتۆمبێل ‌و كارگەكان چ مەترسییەكیان ‏دروستكردووە؟ ‏

رووداو دیجیتاڵ 

پیسبوونی هەوا لەرێگەی موەلیدە ئەهلییەكانەوە، مژاری ئەم ‏بەرنامە ‏تایبەتەی لەگەڵ رەنج بوو. بە گوتەی پڕۆفیسۆرێكی كیمیایی ژیانی ‏پزیشكی، ‏هەوای پیس هۆكارە بۆ تووشبوون بە نزیكەی چوار ‏هەزار جۆر نەخۆشی كە ‏بەشێكی زۆری ئەو هەوا پیسە بەهۆی ‏دووكەڵی موەلیدە ئەهلییەكانەوە دەردەدرێت. ‏لەکاتێکدا ژمارەی موەلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمی ‏كوردستان 7,354 موەلیدەیە. ئەمە جگە لەوەی بەشێک ‏لە خەڵكی ‏موەلیدەی تایبەتی خۆیان هەیە. 
 
بەپێی قسەی مامۆستایەكی ‏‏زانكۆی ‏‏پۆلیتەكنیكی ‏هەولێر،‏ "ئەگەر موەلیدەیەك 12 كاژێر كار بكات، ئەوا ‏زیاتر لە ‏یەك تۆن مادەی زیانبەخش دەخاتە هەواوە". هەر یەكێكە ‏لەو ‏‏7354 موەلیدەیە لە وەرزە گەرم ‌و ساردەكاندا لانیكەم ‏‏12 كاژێر كار ‏دەكەن. بەم جۆرە بێت رێژەیەكی زۆری هەواكەمان ‏موەلیدە پیسی دەكات. 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر كە لە بەرنامەكەدا ‏میوانە، ئەوە ‏ناشارێتەوە، خاوەن موەلیدە هەیە گازی زۆر خراپ ‏بەكاردەهێنێت. ئەو دەڵێت: ‏‏"بەرمیلی گاز هەیە بە 90 هەزار دینار‌ و ‏هەشە بە 160 هەزار دینارە، كەسێك ‏ئەگەر ویژدانی نەبێت دەتوانێ‌ ‏بەرمیلی گازی 90 هەزار دیناری ‏بەكاربهێنێ‌".‏
 
لابردنی موەلیدە ئەهلییەكان وەك خاوەن موەلیدەیەكی شاری هەولێر ‏لە ‏بەرنامەكەدا باسی دەكات، هێشتا دوورە، چونكە گرفتی كەمیی ‏كارەبا ساڵ ‏لەدوای ساڵ زیاتر دەبێت، بۆیە شارەزایەكی بواری ‏كارەبا پێشنیاز دەكات ‏خەڵكی رووبكەنە بەكارهێنانی سیستمی ‏سۆلار، واتە سوودبینین لە وزەی ‏خۆر بۆ دابینكردنی كارەبا.‏
 
 
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا ئامارێكی مەترسیداری زیادبوونی ‏توشبووانی ‏شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان خرایەڕوو، كە ‏لە ماوەی 10 ساڵدا بەرێژەی ‏‏549% زیادی كردوە. لە دوا بەشی ‏بەرنامەكەدا پسپۆڕێكی بەشی بایۆلۆجیی ‏زانكۆی ‏كۆیە جەختی لەوە ‏كردەوە، ئەگەر بەزوویی خەمێك لە ژینگە نەخورێ‌، ‏‏"تاوەكو ‏‏2035 هیچ ماڵێكی كوردستان نابینی نەخۆشێكی قورسی ‏تێدا ‏نەبێت".‏
 
'چوار هەزار نەخۆشی پەیوەندی بە هەوای پیسەوەیە'
پێشتر واماندەزانی هەوای پیس زیاتر هۆكارە بۆ تووشبوون ‏بە ‏نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، بەڵام پڕۆفیسۆرێكی كیمیایی ژیانی ‏لەم ‏بەرنامەیەدا ئاشكرای دەكات، چوار هەزار جۆر نەخۆشی ‏‏(لاوەكی ‌و سەرەكی) ‏پەیوەندییان بە هەوای پیسەوە هەیە.‏
 
د. سالار عەدنان، پڕۆفیسۆر لە كیمیایی ژیانی پزیشكی، لە بەشێكی ‏ئەم ‏بەرنامەیەدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە موەلیدە پەیوەندی بە كوالێتیی ‏ژیانی ‏هەر تاكێكی كۆمەڵگەوە هەیە‌ و دەشڵێت: "نزیكەی چوار ‏هەزار جۆر نەخۆشی ‏هەیە، لە دەرنجامی پیسبوونی هەواوە ‏دروست دەبێت". پیسبوونی هەوا ‏بەتایبەت بە دووكەڵ، ‏كاریگەری لاوەكی ‌و راستەوخۆی لەسەر ‏دروستبوونی ‏نەخۆشییەكان هەیە. د. سالار عەدنان باس لەوە دەكات ‏دووكەڵی سووتەمەنی ‏كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پێست‌ و ‏كۆئەندامی هەناسە‌ و هەرس ‌و گوشاری ‏خوێن ‌و راڕایی ‌و زوو ‏هەڵچوون ‌و دڵەڕاوكێ‌ ‌و كەمخەوی ‌و خەوزڕان ‌و سەدان ‏جۆر ‏نەخۆشیی دیكەشەوە هەیە، لەبەر ئەوەی رێژەی قوڕقوشم لە ‏لەشی ‏مرۆڤدا زیادەكات" ‌و دەشڵێت "هەوای پیس هاوسەنگی ‏هۆڕمۆنەكانی لەشمان ‏تێكدەدات".‏

 

 
‏12جۆر مادە بۆ ئۆكتان بەرزكردنەوە بەکاردەهێندرێن '‏هەموویان ‏قەدەخەن'
 
پڕۆفیسۆڕەكەی كیمیایی ژیانی پزیشكی، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەو ‏مادانەی ‎دەكرێنە سووتەمەنییەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئۆكتانەكەی، ‏بە بڕیارێك ‏قەدەخەكراون، بەڵام لە هەرێمی كوردستان كەم تاوەكو ‏زۆر، بە مادەی ‏جۆراوجۆر ئۆكتانی سووتەمەنی بەرز ‏دەكرێتەوە ‌و دەڵێت "12جۆر  مادەی ‏قەدەخەكراو بەكاردێت بۆ ‏بەرزكردنەوەی ئۆكتانی سوتەمەنی، هەمووشی ‏قەدەخەكراون".‏
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەكانی د. سالار عەدنان، پیسیی هەوای ‏هەولێر هۆكارە ‏بۆ بەرزی رێژەی ‏pm‏ لە هەوای شارەكەدا هەر ‏وەك گوتی "رێژەی ‏pm‏ لە ‏هەوای هەولێردا 16.2، لەكاتێكدا ‏رێگەپێدراو دەبێت لە پێنج ‏pm‏ زیاتر ‏نەبێت".‏
 
ئەو پزیشكە ئەوەش ناشارێتەوە، ئەگەر پیسبوونی هەوا زیاتر ‏بێت‌ و ‏بمێنێتەوە، ئەوا نەخۆشییە لاوەكییەكان دەكاتە نەخۆشیی ‏درێژخایەن، ‏بۆچوونیشی وایە خەڵكی چاوەڕێی ئەوە نەكات لایەنێك ‏بەزوویی ئەو كێشەیە ‏چارەسەر بكات، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكات ‏خۆیان هەوڵی تاكەكەسی بدەن ‏ئەوەش بە گرتنەبەری چەند ‏رێگایەك لەوانە، رووكردنە وەرزش كردن ‌و خۆ ‏بەدوورگرتن ‏لە خواردنی سووركراوە ‌و رووكردنە خواردنی سەوزە ‌و میوە.‏
 
'هەولێر تاكە شاری هەر چوار پارچەی كوردستانە ‏ئەم ‏تایبەتمەندیەی هەیە'
 
‏"لەسەر ئاستی چوار پارچەی كوردستان نزمترین شوێن كە شاری ‏لەسەر ‏دروستكرابێت هەولێرە". د. یەحیا ئەحمەد، پڕۆفیسۆر ‏لەبەشی زانستی ‏ژینگە ‌و ‏تەندروستی ‌و مامۆستا لە زانكۆی ‏سەلاحەددین لە بەشێكی قسەكانی ‏لەم بەرنامەیەدا وەهای گوت ‌و ‏ئەوەش بە خاڵێكی نەرێنی دەزانێ‌ كە هاوكارە ‏بۆ زیاتر پیسبوونی ‏هەوای شارەكە: "دەگونجێ‌ لە رۆژێكدا ‏كاژێرێك لە ‏هەولێر هەواكە پاك بێت، بەڵام نەبووە هەموو رۆژەكە ‏بەپاكی ‏بمێنێتەوە". بەپێی بەدواداچوونەكانی د. یەحیا لە دوای ‏بەسرە هەوای ‏هەولێر زۆرجار پیسترین شاری عێراقە ‌و دەشڵێت: ‏‏"جاری وەها هەیە هەوای ‏هەولێر لە بەغداش پیسترە". لە بارەی ‏بەراوردكردنی هەوای هەولێر بە ‏شارەكانی سلێمانی ‌و دهۆ، ‏دەڵێت: "هەوای سلێمانی كەمێك لە هەولێر ‏پاكترە، هەوای دهۆكیش ‏لە هەولێر ‌و سلێمانی باشترە".‏
 
 
چ گەڕەكێكی هەولێر هەواكەی زۆر پیسە؟
 
د. یەحیا ئەحمەد، جەخت لەوە دەكاتەوە كە لە هەولێر ‏گەڕەكەكانی ‏باشووری شارەكە لەلای زانكۆی سەلاحەددین بۆ سەر ‏رێگای كەركووك ‏هەواكەی زۆر پیسە ‌و دەشڵێت: "بەهۆی ‏كارگەكان ‌و خۆڵ ‌و خاشاكی زۆرەوە ‏هەوای گەڕەكەكانی رۆژئاوای ‏هەولێریش پاك نییە". لەبارەی ئەو ‏گەڕەكانەش كە هەواكەیان ‏پاكە، بەپێی بەواداچوونەكانی ئەو شارەزایەی ‏ژینگە، گەڕەكانی سەر رێگای پیرمام ‌و شەقڵاوە كەمێك هەواكەی باشترە، ‏چونكە ‏ئەو ناوچانە كارگەی كەمی لێیە‌ و بۆنی پاڵاوگەكانیشیان بە ‏ئاسانی ‏ناگاتێ‌. د. یەحیا ئەحمەد ئەوەش دەخاتەڕوو هەولێر ‏جگە لەوەی لە نزماییدا ‏دروستكراوە، چوار دەورەكەشی گیراوە؛ "لە ‏هەولێر هەوای پیس بە ئاسانی ‏ناڕوات ‌و لە ئاسمانی شارەكەدا ‏كۆدەبێتەوە".‏
 
پڕۆفیسۆرەكەی زانستی ژینگە ‌و ‏تەندروستی جەخت لەوە ‏دەكاتەوە، ‏دووكەڵی پاڵاوگە نایاساییەكان بە هەزاران جار لە ‏دووكەڵی موەلیدەكان ‏خراپترە: "ئۆتۆمبێل، موەلیدە ‌و ‏كارگە گەورەكان ‌و پاڵاوگە ‏نایاساییەكان ‌و سپلیت هەموویان ‏پێكەوە هەوا پیس دەكەن". لە بەشی ‏كۆتایی قسەكانیشی ‏پڕۆفیسۆرەكەی زانستی ژینگە ‌و ‏تەندروستی ئەوەی ‏نەشاردەوە، ‏ئۆتۆمبێلەكانی هەر یەكەمان وەك موەلیدە زیانی هەیە: ‏‏"رۆژانە هەر یەكەمان كە ئۆتۆمبێلەكانمان ئیش پێدەكەین ‏وەك ئەوە وایە ‏موەلیدەیەك هەڵبكەین، هەردووكیشیان زیانی ‏زۆریان بۆ ژینگە هەیە".‏
 
لە هەرێمی كوردستاندا 7354 موەلیدەی ئەهلی كار ‏دەکەن، ‏‏90٪ـیان لە شارەكاندان‏
 
لە بەشی یەكەمی ئەم بەرنامەیەدا راپۆرتێك لەسەر موەلیدە ‏ئەهلییەكانی ‏هەرێمی كوردستان پێشاندرا كە لەلایەن ‏رۆژنامەنووس نەوزاد مەحموودەوە ‏ئامادەكرا بوو؛ بەپێی ‏راپۆرتەكە لە هەرێمی كوردستاندا 7354 موەلیدەی ‏ئەهلی كار ‏دەکەن، كە 5 ملیۆن ‌و290 هەزار ‌و 169 ئەمپێر ‏كارەبا ‏بەرهەمدەهێنن بۆ سەرجەم هاوبەشەكانیان، كە ژمارەیان (یەك ‏ملیۆن ‏‏311 هەزار‌و 598هاوبەشە). هەر بەپێی راپۆرتەكە ‏زۆرترین شوێن موەلیدەی ‏ئەهلی لە شاری هەولێردایە كە 1342 ‏شوێن ‌و8٪ـی لە گوندەكاندایە لە ‏سلێمانیش 1150 شوێن موەلیدە ‏هەیە، 10٪ـی لە گوندەكاندایە ‌و لە دهۆكیش ‏‏540 شوێن موەلیدە ‏هەیە، 31٪ـی لە گوندەكاندایە، بەشێوەیەكی گشتی لە ‏زستان ‌و ‏هاویندا موەلیدەكان زۆرترین كاریان پێدەكرێت. لە شەو و ‏رۆژێكدا ‏نزیكەی 14 كاژێر كار دەكەن. ئەمە جگە لەوەی لە ‏بەشێكی گەڕەكەكان ‏خەڵكی موەلیدەی تایبەتی خۆی هەیە.‏

 

 
بە 12 كاژێر ئیشكردن زیاتر لە یەك تۆن مادەی ‏زیان بەخش دەخاتە هەواوە
 
هەر لەنێو راپۆرتەكەدا د. رێبین سەمەد، سەرۆكی بەشی ‏ئەندازایاریی ‏‏رووپێوان ‏لە ‏زانكۆی ‏‏پۆلیتەكنیكیی هەولێر ‏قسە ‏دەكات؛ ئەوە ئاشكرا دەكات ‏ئەگەر موەلیدەیەك 12 كاژێر كار ‏بكات، ئەوا زیاتر لە یەك تۆن مادەی زیانبەخش دەخاتە هەواوە. ‏هەر لە راپۆرتەكەدا باس لە توانای بەرهەمهێنانی ‏كارەبا لە ‏هەرێمی كوردستان كراوە، بەجۆرێك  ژێرخانی كارەبای ‏هەرێمی ‏كوردستان توانای بەرهەمهێنانی 7000 مێگاوات ‏كارەبای هەیە، بەڵام ‏بەهۆی نەبوونی پێداویستییەكان بەتایبەت ‏سووتەمەنی 3500 مێگاوات ‏بەرهەمدێت. ‏
 
وەزارەتی كارەبا هەوڵدەدات لەرێگەی دانانی سیستمی پریپەیدی ‏كارەباوە ‏موەلیدە ئەهلییەكان هەنگاو بە هەنگاو هەڵبگرێت، لەو ‏بارەیەشەوە ‏هەنگاونراوە، بەنموونە تاوەكو ئێستا لە شەش شوێنی ‏هەرێمی كوردستان ‏سیستمی پریپەیدی كارەبا دانراوە، ‏بەهۆیەشەوە لە سلێمانی 28 موەلیدە ‏‌و لە هەولێریش 320 موەلیدە ‏لابراون ‌و لە شاری دهۆكیش 5٪ـی ‏بەشداربووانی كارەبا ‏سیستمەكەیان بووەتە پریپەید.
 
لە كۆتایی ئەو راپۆرتەدا، ئامارێكی مەترسیداری زیادبوونی ‏ژمارەی ‏تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان ‏خراوەتەڕوو. ئەوەش ئەوەیە لە ‏‏10 ساڵدا تووشبوون بە شێرپەنجە لە ‏‏1528 كەسەوە بووەتە 9911 كەس. ‏واتە بە رێژەی 549٪ ‏زیادی كردووە، ئەوەش ئاماری فەرمیی ‏وەزارەتی ‏تەندروستیی هەرێمی كوردستانە.‏
 
زیاتر لە 10 جۆر گازێك هەیە ‌و جیاوازیەكی زۆریش لە ‏نرخدا ‏هەیە 
سەرباز كەریم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر وەك ‏میوانێكی ‏ئەم بەرنامەیە ئەوە ناشارێتەوە كە بەشێك لە گازفرۆشەكان، گازی زۆر بێ‌ ‏كوالێتی دەفرۆشنە هەندێ‌ لە خاوەن ‏موەلیدەكان ‌و دەشڵێت: "بەرمیلی گاز ‏هەیە بە 90 هەزار دینار ‌و ‏هەشە بە 160 هەزار دینار، كەسێك ئەگەر ویژدانی ‏نەبێت دەتوانێ‌ ‏بەرمیلی گازی 90 هەزار دیناری بەكاربهێنێ‌".‏
 
هەر بەپێی زانیارییەكانی گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی ‏هەولێر ئێستا ‏زیاتر لە 10جۆر گاز  لە بازاڕدا هەیە ‌و دەڵێت: ‏‏"گازفرۆشە بە ویژدانەكان ‏گازی باش دەفرۆشن، بەپێچەوانەشەوە ‏هەیە". سەبارەت بە پێكهاتەی ئەو ‏گازە خراپەش كە بەرمیلی بە ‏‏90 هەزار دینارە، سەرباز كەریم ئەوە ‏رووندەكاتەوە ئەو گازەی ‏بەرمیلی بە 90 هەزار دینارە پێكهاتەكەی هەر ‏نەوت ‌و رۆنە؛ ‏‏"پێویستە هەموو ئەوانەی مامەڵەی گاز دەكەن شتێك بزانن، ‏گازی ‏باش نەدەیبەسـتێ‌ نە خڵتەشی دەبێت، ئێستا خۆشبەختانە ‏كڕیاری ‏گازی باش زۆرترە لە كڕیاری گازی خراپە". ‏گوتەبێژەكەی ئەنجوومەنی ‏گازفرۆشانی هەولێر جەختی لەوەش ‏كردەوە گازی هەردوو كۆمپانیای كار ‌و ‏بێجی هیچ كێشەیەكیان ‏نییە ‌و موەلیدەكان دەتوانن بەبێ‌ گرفت بەكاریبهێنن.‏
 
 
دوای بەرنامەیەكی لەگەڵ رەنج لێپێچینەوەی زۆر كرا
 
هەر لەبەشێكی دیكەی ئەم بەرنامەیەدا، سەرباز كەریم جەختی لەوە ‏كردەوە  ‏لیژنەكانی قایمقامیەت ‌و پارێزگای هەولێر گوشاری زۆریان ‏لەسەر سووتەمەنی ‏فرۆشەكان هەیە ‌و بەردەوام بەدواداچوون بۆ ‏كارەكانیان دەكەن ‌و گوتی: ‏‏"لەدوای بەرنامەیەكی ئێوە لەسەر ‏خراپیی كوالێتیی سووتەمەنی لە هەولێر ‏‏35 بەنزیخانە بۆ ماوەیەكی ‏كاتی داخران، چونكە دەركەوت سەرپێچییان ‏كردبوو". بەپێی ‏بەدواداچوونەكانی سەرباز كەریم، دووكەڵی زۆری موەلیدە ‏مەرج ‏نییە تەنیا پەیوەندیی بە خراپی گازەكەوە هەبێت، بەڵكو پەیوەندی ‏بە ‏باری زۆری سەر مۆلیدەكە جۆر‌و كوالێتی موەلیدەكەشەوە هەیە.‏
 
لەلای سەرباز كەریم ‌و بەشێك لە هاوپیشەكانی پاڵاوگە ‏نایاساییەكان ‏دەورێكی نەرێنیان هەیە لە پیسبوونی هەوا‌، سەرباز ‏كەریم دەڵێت "بۆ ‏پیسبوونی هەوا پاڵاوگە نایاساییەكان كارەساتی ‏زیاتریان لە مۆلیدەكان ‏دروست كردوە".‏
 
سووتانی بەشێكی خۆڵ ‌و خاشاكی هەولێر لە ناوچەی كانی قڕژاڵە ‌و ‏دروستبوونی هەوایەكی پیس بەوهۆیەوە، لەلای سەرباز ‏كەریم زیانەكەی ‏هاوشێوەی موەلیدەكانە ئەگەر زیاتر نەبێت، بۆیە ‏دەڵێت: "چەندین كارگەی ‏گەورە لە نزیك شارەكان دروست كراون كە ‏ئیش دەكەن دووكەڵێكی زۆر دروست ‏دەبێت ئەی ئەوە مەترسی ‏نییە؟" لە كۆتایی قسەكانی گوتەبێژەكەی ‏ئەنجوومەنی گازفرۆشان ‏باسی لەوەش كرد ئەو وەك خۆی بۆ دابینكردنی ‏كارەبا وازی لە ‏موەلیدە هێناوە ‌و سوود لە سیستمی سۆلار وەردەگرێت.‏
 
 
'ئومێدێك بۆ لابردنی موەلیدە نییە'
 
فەرهاد عەبدوڵڵا كە وەك خاوەن موەلیدەیەكی شاری هەولێر لە ‏بەرنامەكەدا ‏بەشداربوو، بەدووری زانی بەمزووانە موەلیدە ‏ئەهلییەكان هەڵبگیرێن. ئەو گوتی: ‏‏"هەر باڵەخانەیەک زیاد دەكات ئیتر ‏كارەبای سەرەكی بەشی چی دەكات؟ بۆیە ‏هیچ كاتێك پێشبینی ئەوە ‏ناكەم موەلیدە لاببرێ‌".‏
 
فەرهاد عەبدوڵڵا جەخت لەوە دەكاتەوە، ئەگەر خاوەن موەلیدەكان ‏گازی ‏بەرمیلی 150 هەزار دیناری بەكاربهێنن، ئەوا هیچ قازانجێك ‏ناكەن ‌و گوتی: ‏‏"وەك خۆم بەرمیلی گاز بە 125 هەزار دینار دەكڕم ‏و ئەوە بەكاردەهێنم، ‏خەڵكی بێویژدانیش هەیە گازی خراپ دەكڕێت، ‏دەبێت ئەوەش روون بێت ‏لیژنەكانی چاودێری موەلیدەكان لە ‏پارێزگا ‌و قایمقامیەتیش زۆر سەردانی ‏موەلیدەكان دەكەن ‌و ‏لێپێچینەوەی وردیش دەكەن، لە مانگی رابردوودا ئەو ‏لیژنانە ‏سێجار سەردانی منیان كردوە".‏
 
ئەو خاوەن موەلیدەیەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو لەم وەرزی ‏گەرمایەدا ‏بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە 14 كاژێر كارەبایان داوەتە ‏هاوبەشەكانیان ‏‏"تەنانەت رۆژ هەبوو17 كاژێر كارەبامان داوە."‏
 
لە كۆتایی قسەكانی ئەو خاوەن موەلیدەیەی هەولێر، داوا لە ‏حكومەتی ‏هەرێمی كوردستان دەكات، لە رێگای كۆمپانیاكانی ‏كار ‌و لاناز ەوە گاز بۆ ‏هەموو مۆلیدەكان دابین بكات.‏
 
'هەوای پیس توانای سێكسی كەم دەكات' ‏
 
د. بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجیی زانكۆی ‏كۆیە ‏وەك ‏میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئەوەی خستەڕوو، بەپێی ‏بەدواداچوونە ‏زانستییەكان (هەوای پیس) كاریگەری لەسەر ‏كەمبوونەوەی توانا ‏سێكسییەكان هەیە، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو ‏لەبارچوونی منداڵ ‌و منداڵی ‏ناكامیش زۆر دەكات. ئەو دەشڵێت: ‏‏"هەوای پیس بەتایبەت زیانی زۆر گەورەی ‏لەسەر ژیانی ئافرەتی ‏دووگیان هەیە، با بپرسین بۆچی رێژەی منداڵی ئۆتیزم ‏زیاد بووە؟ ‏بەدڵنیاییەوە هۆكارێكی پیسبوونی هەوایە 80٪ـی ئەو ‏منداڵانەی ‏توشی ئۆتیزم بوون لەنێو سكی دایكیاندا تووشبوون".‏
 
هەر بەپێی قسەكانی د. بەختیار بێت، پێنەگەیشتنی مێشك ‌و زوو ‏لەبیر ‏چوونەوەش پەیوەندی بە پیس بوونی هەواوە هەیە ئەو ‏دەشڵێت "بەهۆی ‏پیسبوونی هەواوە لە جێگای كالسیۆم، قوڕقوشم لە ‏نێو ئێسكەكانمادا ‏دەنیشێ‌، ئەوەش زۆر مەترسیدارە". بەهۆی پیسی ‏هەواكەمانەوە مەترسی ‏لەسەر ئەو خواردن‌و سەوزە‌و میوانەش ‏دروست دەبێت كە رۆژانە بەكاریان ‏دەهێنین، چونكە هەر وەك ‏د.بەختیار باسی دەكات هەوای پیس دەنیشێتە ‏سەر ئەو سەوزە‌و ‏میوانەی رۆژانە دەیخۆین.‏
 
تاوەكو 2035 چی روودەدا؟
 
هەموو میوانەكانی ئەم بەرنامەیە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی هەوای ‏هەولێر ‏بەراورد بە شارەكانی دیكەی كوردستان پیسترە، بەپێی ‏بەواداچوونەكانی ‏د. بەختیار عەبدوڵڵا، هۆكاری ئەوەیە لەنێو خەڵكی ‏هەولێردا نەخۆشییەكانی ‏شەكرە ‌و گوشاری خوێن ‌و بڕبڕەی پشت زیاترە. ‏ئەو دەڵێت: "بەشێكمان بەهۆی ‏پیسبوونی هەواوە 80٪ـی ‏داهاتەكانمان بۆ پزیشكەكانە". كەمیی جووڵەی هەوا ‏لە هەولێر ‏گرفتێكی دیكەیە، چونكە هەوای پیس زیاتر دەمێنێتەوە.
 
د. بەختیار عەبدوڵڵا دەڵێت: "لە سلێمانی ‌و دهۆك ئەگەر هەواش ‏زۆر نەبێت، ‏كزەیەك هەر هەیە ئەو كزەیە بەشێكی هەوا پیسەكە ‏لادەبا".‏
 
گرفتێكی دیكە كە د. بەختیار عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدا كاریگەری ‏خراپیی ‏پلاستیكە لەسەر تەندروستیی مرۆڤ، بەتایبەت كە ‏كاریگەریی لەسەر ‏تێكچوونی هۆڕمۆنەكانی لەشی مرۆڤ هەیە. ئەو ‏دەڵێت: "جگە لە پیسبوونی ‏هەوا، پیسبوون بەهۆی ماددە ‏پلاستیكییەكان گرفتێكی هەرە گەورەی ئەم ‏سەردەمەیە بەتایبەت كە ‏كاریگەریی لەسەر تێكچوونی هۆڕمۆنەكانی لەش ‏هەیە لە خۆڕا ‏نییە خەڵكانێك دروست بوون حەز بە گۆڕینی رەگەزی ‏خۆیان ‏دەكەن ئەوانە دەرەنجامی تێكچوونی هۆڕمۆنەكانە".‏
 
 
بە بڕوای د. بەختیار عەبدوڵڵا، ئەگەر رێكاری بەپەلە نەگیرێتەبەر ‏بۆ ‏چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان، "تاوەكو 2035 هیچ ماڵێكی ‏كوردستان ‏نامێنێ‌ نەخۆشییەكی قورسی تێدا نەبێت".‏
 
پێویستە حیزبەكان مەكتەبی ژینگەیان هەبێت
 
د. ئیبراهیم حەمەڕەش پسپۆری كارەبا ‌و ‏كۆمپیتەر وەک میوانێكی ‏دیكە ‏ئەوەی خستەڕوو بیرۆكەی دانانی موەلیدە لە 1997وە سەریهەڵداوە ‌و ‏سەرەتا وابڕیاربوو بۆ چەند ساڵێكی كەم بێت، بەڵام ‏دواتر گەیشتە ئێستا كە ‏لابردنیان قورس بووە. ئەو دەڵێت: "گرفتەكە ‏ئەوەیە ئەگەر ئەو موەلیدانە گازی ‏باشیش بەكاربهێنن دووكەڵەكەی ‏هەر زیانی هەیە". د. ئیبراهیم حەمەڕەش ‏خۆزگە دەخوازێ‌ لەسەر ‏ئاستی حیزبەكان كار بۆ پاراستنی ژینگە بكرایە. ئەو ‏دەڵێت: "بەشێك ‏لە حیزبەكانی ئەورووپا مەكتەبی تایبەت بە پاراستنی ‏ژینگەیان هەیە ‏خۆزگە ئەوە لێرەش هەبوایە". لەلای د. ئیبراهیم تەنیا دووكەڵ ‏هەوا ‏پیس ناكات، بەڵكو ئەو سپلیتانەش كە خەڵكێكی زۆر ‏بەكاردەهێنێ‌، ‏بەهەمان شێوە هەوایەكی گەرم فڕێدەدەنە هەواوە، ‏بەجۆرێك لە جۆرەكان هەوا ‏پیس دەكات.‏
 
سوودبینین لە وزەی خۆر بۆ كارەبا (سیستمی ‏سۆلار) ‏
 
بەپێی قسەی د. ئیبراهیم حەمەڕەش بێت، ئێستا بۆ دابینكردنی ‏كارەبا، ‏خەڵێكی زۆر روویان لە بەكارهێنانی سیستمی سۆلار ‏كردووە كە سودبینینە ‏لە وزەی خۆر بۆ دابینكردنی كارەبا. ئەو گوتی: ‏‏"لە پێنج مەتر پەناڵدا پێنج ‏ئەمپێر كارەبا دروست دەبێت ئێستا ئەو ‏سیستمە زۆر گەشەی كردووە".‏
 
د. ئیبراهیم حەمەڕەش بەپێویستی دەزانێ‌ وەزارەتەكانی كارەبا ‌و ‏پلانادانان ‏‌و دەستەی ژینگە هانی خەڵكی بدەن سیستمی سۆلار ‏دابنێن: "ئەو پارەیەی بەناوی ژینگە لە شۆفێران ‏وەردەگیرێ‌ پێویستە بدرێتە ‏خەڵكانی هەژار بۆ دانانی سیستمی ‏سۆلار".‏
 
بەپێی زانیارییەكانی پسپۆڕەكەی كارەبا ‌و ‏كۆمپیوتەر، حاڵەتێكی ‏گونجاوە ‏سیستمی سۆلار لەسەر ئاوی دووكان ‌و دەربەندیخان ‏دابنرێت، بەڵام ‏نەگونجاوە سوود لە زەویی كشتوكاڵی وەربگرێت ‏بۆ دانانی سیستمی سۆلار: "بۆ دانانی سۆلار دەكرێت ‏سوود لە سەربانی مۆڵە گەورەكان ‏وەربگرێت". لە دواجاردا ‏بەپێویستی دەزانێ‌ بانك هەبێت قەرز بداتە خەڵكی ‏بۆ ئەوەی ‏سیستمی سۆلار دابنێن.‏
 
ئەم بەرنامەیە شەوی 04-08-2024 پێشكەش كرا و ‏میوانە ‏سەرەكییەكانیش پێكهاتبوون لە:
 
‏*د. سالار عەدنان، پڕۆفیسۆر لە كیمیایی ژیانی پزیشكی ‏
‏* د. یەحیا ئەحمەد، پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستی ‏ژینگە ‌و ‏تەندروستی ‏‏
‏*سەرباز كەریم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی گازفرۆشانی هەولێر ‏
‏* د. ئیبراهیم حەمەڕەش پسپۆڕی كارەبا ‌و ‏كۆمپیوتەر ‏‏‏
‏* د. بەختیار عەبدوڵڵا، مامۆستا لە بەشی بایۆلۆجیی زانكۆی ‏كۆیە ‏‏
‏* فەرهاد عەبدوڵڵا، خاوەن موەلیدە لە ‏هەولێر ‏‏‏