لە مهاباد دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە مهابادی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
هەردوو رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 03-08-2023 روویاندا. رووداوی یەکەم لە سەر رێگەی مەهاباد- میاندۆئاو و رووداوی دووەم لە سەر رێگەی مەهاباد- بۆکان بووە.
کەمال ئاهمەند، جێگری ناوەندی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی مەهاباد رایگەیاند، رووداوی یەکەم لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و مۆتۆرسکیلێکدا بووە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون.
کەمال ئاهمەند گوتی، لە رووداوێکی دیکەدا ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگەی مەهاباد-بۆکان و لە نزیکی گوندی بورهان وەرگەڕاوە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە.
لە مانگی رابردوودا، لە رێگەی نێوان مهاباد-بۆکان و مهاباد-میاندۆئاو 10 کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسیش بریندار بوونە.
لەم ماوەیەی دواییدا رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە زیاد بوون بووە، لە 30-7-2023 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان ورمێ-سەلماس دوو کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار ببوو.
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023 لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە.
کەمال هادیانفەر گوتبووی، لە 21-03-2022 تاوەکو 21-03-2023 زیاتر لە 20 هەزار کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 378 هەزار کەسیش برینداربوون، لەو ژمارەیەش 49٪یان لەکاتی رووداوەکان یان لە رێگەی نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە کە ئەوەش واتای نەبوونی مەرجی سەلامەتییە لە ئۆتۆمبێلەکان.