پاسەوانى سنوور لە خاڵێکى نوێ جێگیرکران و تورکیاش دەوربەری هروور تۆپباران دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانى پاسەوانى سنوورى عێراق لە خاڵێکی نوێ لە نزیک گوندى چەلکای کۆن و لەسەر رێگای گوندى هرووری سەر بە ناحیەى کانى ماسی لە سنوورى قەزای ئامێدى جێگیرکران، دواتر تورکیا دەوروبەری گوندى  هرووری تۆپبارانکرد.
 
نزار هروورى، دانیشتووى گوندى هروور ئەمڕۆ چوارشەممە 4-8-2021 بە (رووداو)ی راگەیاند: "بەیانى ئەمڕۆ هێزێکى عێراقى، کە لە نزیکەى 15 هەمەر و تانک پێکهاتبوون لە گوندى بازێ بەرەو گوندى چەلکای کۆن جوڵەیان پێکرا، دواتر بەشێک لەو هێزە لە (مەلا چەپەرا) کە شوێنێکى ستراتیژییە بەرامبەر گەلى هروور و زنارى کێستە جێگیرکران، لە هەمانکاتدا تورکیا دەستی بە تۆپبارانکردنى نزیک گوندى هروور کرد".
 
سەربەست سەبرى، بەڕێوەبەرى ناحیەى کانى ماسی هەواڵەکەی بۆ (رووداو) پشتڕاستکردەوە و راگەیاند: "لە سەرەتاى ئۆپەراسیۆنى ئەمجارە، تورکیا رۆژانە سنووری گوندى چەلکێ و رێگای گوندى هروور بۆردوومان و تۆپباران دەکات، تاوەکو ئێستا هەشت جار کارەبای گوندى هروور بەو هۆیەوە پچڕاوە، زیان بەر رێگای گوندەکە کەوتووە، بۆیە ئەمڕۆ هێزەکانى پاسەوانى سنوورى عێراق لە خاڵێکى نوێ نزیک گوندى چەلکای کۆن جێگیرکران بۆ ئەوەى کەمێک ئارامى بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".
 
سەبارەت بە زیانەکانی تۆپبارانەکەی ئەمڕۆی تورکیاش، بەڕێوەبەرى ناحیەی کانى ماسی راگەیاند هیچ زیانى گیانى نەبووە، بەڵام ترس و دڵەراوکێی بۆ خەڵکى ناوچەکە دروستکرد.
 
لە 23ی نیسانی ئەمساڵ، تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە. سوپای تورکیا تاوەکو ئێستا هێزەکانی خۆی لە 12 شوێنی ستراتیژی جێگیرکراون.
 
دوای ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە چوار شوێنی ستراتیژی جێگیرکران، ئەمڕۆش ئەو هێزە لە خاڵێکی دیکە جێگیربوون.