لە هەولێر سێ دەریاچەی دەستکرد دروست دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە هەولێر سێ دەریاچەی دەستکرد دروست بکرێن. بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "پڕۆژەیەکی ستراتیژی زۆر گرنگە و گەورەیە و کاریگەری لەسەر بواری گەشتیاری دەبێت."
رۆژی سێشەممە، 04-07-2023 رێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سێ دەریاچەی دروست دەکرێن، یەکێکیان دەکەوێتە نێوان شەقامی 120 و 150 مەتری لە نێوان سێ بەردان و شاوێس کە رووبەرەکەی نزیکەی 700 دۆنمە، دووەم دەکەوێتە سەر رێگەی کەرکووک لە نزیک شەقامی 120 کە رووبەرەکەی 110 دۆنمە، سێیەمیش دەکەوێتە سەر رێگەی مەخموور لە نزیک شەقامی 120 مەتری کە رووبەرەکەی 120 دۆنمە."
بە گوتەی رێبوار حەسەن، ئەو سێ دەریاچەیە خوێندنەوە و دیزانێکی سەرەتایی بۆ کراوە، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لە بارەوە نەدراوە. گوتیشی: "ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە پڕۆژەکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر جێگیرکراوە و کابینەی نۆیەم زۆر گرنگی بە سێکتەری ئاو دەدات و ئەو پڕۆژەش یەکێکە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکان چونکە یەکەم پڕۆژە دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کە لە بواری گەشتیاریش زۆر گرنگ دەبێت."
سەبارەت بە سەرچاوەی ئاوی سێ دەریاچەکە، بەرێوەبەری ئاودێریی پارێزگای هەولێر گوتی: "ئەو پڕۆژەیە لە زێی گەورە و لە دەربەندی گۆمەسپان ئاوی بۆ دەهێنین، بەڵام ئاوی بەستورە کەمە و بڕواناکەم بتوانین لەوێ ئاو بهێنین."
هەر ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەکەی رایگەیاند، پڕۆژەکە دەرخستە و هەموو ئامادەکارییەکى بۆ کراوە و بۆ پێداچوونەوە و بڕیار لەسەردان رەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.