هەفتەی داهاتوو دەست بە کۆکردنەوەی سەگەکانی هەولێر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە کۆکردنەوە سەگەکانی هەولێر بکرێت. بەڕێوەبەری ئەو شێڵتەرەی بۆ سەگەکان دروستکراوە دەڵێت، شێڵتەرەکە توانای لەخۆگرتنی نزیکەی 10 هەزار سەگی هەیە.
 
رۆژی سێشەممە (04-07-2023) هێمن محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنەری و بەڕێوەبەری ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ سەگەکان دروستکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شێڵتەرەکە لەسەر رێگەی هەولێر- گوێڕە و رووبەرەکەی 50 هەزار مەتر دووجایە و توانای لەخۆگرتنی پێنج بۆ 10 هەزار سەگی هەیە. سەرەتا لە سەنتەری شارەکان و ئەو گەڕەکانە دەست بە کۆکردنەوەی سەگ دەکرێت، کە زۆرترین سکاڵایان تێدا تۆمارکراوە".
 
لەبارەی شێوازی کۆکردنەوەی سەگەکان، هێمن محەممەد گوتی "بە دوو شێواز لە ئێواران تاوەکو بەرەبەیان پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکان دەستپێدەکات، شێوازی یەکەم هەوڵدەدەین تاچەند لە تواناماندایە بتوانین سەگەکان دەستگیربکەین و لە قەفەسیان بکەین بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە، شێوازی دووەم بێهۆشکردنیانە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بگوازرێنەوە شێڵتەرەکان، چونکە شێوازی دەستگیرکردنیان کردارێکی زۆر قورسە".
 
بە گوتەی هێمن محەممەد، لە شێڵتەرەکەدا زیاتر لە 36 جێگا بۆ حەوانەوەی سەگەکان دابینکراوە، "بەپێی پشکنینەکانیان ئەوانەی کە برسیبن پڕۆسەی بێهۆشکردنیان دەستپێدەکات و نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، ئەو نەشتەرگەرییە بۆ ئەوەیە سەگە مێیەکان و نێرەکان نەزۆک بکرێن، دوای ئەو نەشتەرگەرییەکەش مێیەکان پێنج رۆژ تاوەکو هەفتەیەک و نێرەکان سێ بۆ پێنج رۆژ لە شێڵتەر لەژێر چاودێریدا دەمێننەوە".
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە هەولێر نزیکەی 20 هەزار سەگ هەن.
 
بەڕێوەبەری شەڵتەرەکە دەڵێت "دوای نەشتەرگەری سەگەکان، ڤاکسینیان لێدەدرێت و بەڕەڵڵا دەکرێنەوە و تاگێک لە گوێیان دادەنرێت بۆ ئەوەی بناسرێتەوە کە سەگەکە کرداری نەزۆککردن و کوتانی هاریی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی خەڵک دڵنیابن ئەو سەگە هیچ نەخۆشییەکی نییە".
 
بەگوتەی هێمن محەممەد، کە پزیشکی ڤێتێرنەرییە و بەڕێوەبەری شێڵتەرەکەیە، ئەوان هۆکاری سەرەکی پەلاماردانی سەگەکان چارەسەر دەکەن و دەڵێت "بە نموونە نێرەکان پارێزگاری لەو شوێنە دەکەن کە تێیدا دەژین، یان بە کۆمەڵێک لە شوێنێک دەژین و پارێزگاری لەو مێیانە دەکەن کە لە گەڵیاندان، هۆکاری سێیەم ئەو سەگە نێرانەن کە لەسەر جووتبوون لەگەڵ نێرەکانی دیکە بەشەڕدێن. هێرشی مێیەکەش، بۆ پارێزگاریکردنە لە بێچووەکانی، پەیداکردنی خۆراک و پارێزگاری لەو شوێنانەی بێچووەکانی تێدا دەژین، بۆیە دوای نەشتەرگەری کە هۆرمۆنەکانیان کەمبووەوە، هۆکاری بەشەڕهاتنی سەگەکانیش لە نێوان یەکدی کەمدەبێتەوە".