ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا رادەگەیێندرێت
رووداو دیجیتاڵ
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ هەریەکە لە دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێندرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، پڕۆسەی وردبینییی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بە هەموو وردەکارییەکانییەوە تەواو بووە و ئەگەر هیچ گرفتەک نەیەتە پێشەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 04-07-2023 ئەنجامی تاقیکردنەوەکان رادەگەیەیێندرێت.
رۆژى شەممە، 1ـی تەممووزی 2023 وەزارەتی خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "ئەمساڵ بەھۆی فراوانی پرۆسەی خوێندنی باڵا، وەزارەت جەخت دەکاتەوە لەسەر جێبەجێکردنى پرەنسیپى دادپەروەرى، شەفافیەت و هەلى یەکسان لە پرۆسەکەدا ھەموو ھەوڵێکیش دراوە، کە پڕۆسەى خاڵبەندى و رێکخستنی پێشبرکێی وەرگرتن لە نێوان پێشکەشکاران و پرۆسەی وردبینی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت، تاوەکو بنەماکانی شەفافیەت، دادپەروەری و ھەلی یەکسان بەتەواوەتى بەرجەستە بێت."
رۆژی 12ـی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستیی خوێندنی باڵا بۆ دیپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێشکردبوو و تاقیکردنەوەکەیان کرد؛ 11 هەزار و 382یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و 692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دیپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و هەزار و 477یان بۆ دیپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى بەشدارى تاقیکردنەوەکانیان کرد، لەکاتێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا نزیکەی حەوت هەزار کورسی راگەیاندبوو.