کەشناسیی ورمێ: هاوینی ئەمساڵ دوو پلە گەرمتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێت، 56٪ـی رووبەری ئەو پارێزگایە رووبەڕووی وشکەساڵی بووەتەوە و تەنیا 12٪ـی لە دۆخی ئاساییدایە. پێشبینیش دەکات هاوینی ئەمساڵ گەرمتر بێت.
ئیسماعیل سیمایی، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، بەپێی نەخشەکانی یەک ساڵەی وشکەساڵی، تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی بەهار (گوڵان) نزیکەی 56٪ـی رووبەری پارێزگای ورمێ رووبەڕووی وشکەساڵی زۆر تووند، 13٪ وشکەساڵی تووند، 10٪ وشکەساڵی مامناوەند، 9٪ وشکەساڵیی کەم بوونەتەوە، 12٪یشی لە دۆخی ئاساییدا بووە.
بەگوتەی ئیسماعیل سیمایی، لەمساڵی کشتوکاڵیدا، تاوەکو یەک هەفتە لەمەوبەر، 260 میللمەتر بەفر و باران باریوە، کە بەراورد بە ساڵی پار رێژەی 1٪ زیاتر و بەراورد بە درێژماوە (30 ساڵ) 16٪ کەمتر باریوە.
کەشناسیی پارێزگای ورمێ پێشبینی کردووە، هاوینی ئەمساڵ پلەی گەرما دوو پلە لە ئاستی ئاسایی و نۆرماڵ زیاتر بێت.