ناوەندی هاوکاری: ئێران دەیەوێ هێرش بکاتە سەر بنکەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆکردنەوەی هێز و چەکی قورس لە ناوچە سنوورییەکان پلانی هێرشکردنە سەر پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر خاکی عێراقی هەیە و دەڵێت، گیانی خەڵکی سڤیل لە مەترسیدایە.
لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی هاوکاریدا هاتووە، حیزبە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام پێداگرییان لەسەر بزووتنەوەی مەدەنی و ناڕەزایی جەماوەریی خەڵک لەسەر شەقامەکان کردووەتەوە و جووڵە و چالاکی سەربازییان نەبووە، بەڵام رژێمی ئێران بەو بیانووە بنکە مەدەنییەکانی ئەو حیزبانە بە مووشەک و درۆن دەکاتە ئامانج.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بنکانە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلن و ژن و منداڵ لێی دەژین.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران داوا لە وڵاتانی جیهان و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان دەکات، هەنگاوی بە کردەوە بنێن، بۆ پێشگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە. داوا لە خەڵکی کوردستان و ئێرانیش دەکات، بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کاردانەوەیان هەبێت.
بەپێی ئەو زانیاری و گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراوەتەوە، چەند رۆژە سوپای پاسداران بە کاروانی سەربازی هێز و چەکی قورس دەگوازێتەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ.
ئێران لە ساڵی 2018ـەوە چەندینجار بنکە و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج کە دەیان قوربانی لێکەوتووەتەوە، لەنێویاندا ژمارەیەک ژن و منداڵ گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسانی سوپای پاسداران تائێستا هۆکاری ناردنی ئەو هێز و چەکانەیان رووننەکردووەتەوە، بەڵام لە کەناڵەکانی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشەی کردنە ئامانجی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێت.