لە ئامەد بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر روویدا


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر روویدا.

سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد بڵاویکردەوە، کاژێر 01.25 خولەکی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 4-6-2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی شانگوش سەربە پارێزگای ئامەد تۆمارکراوە. بەگوێرەی ئافاد، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 7 کیلۆمەتر بووە. 
 
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکراوەتەوە. 
 
دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتی ئەمساڵ کە بە گوڕی 7.7 و 7.6 پلە لە دوو شارۆچکەی پارێزگای مەرەش روویاندا و زیانی بە هەشت پارێزگای باکووری کوردستان و سێ پارێزگای تورکیا گەیاند، تاوەکو ئێستا 33 هەزار و 77 پاشلەرزە تۆمارکراون. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رۆژی 14ـی نیسانی 2023 رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بۆ 50 هەزار و 500 کەس بەرزبووەتەوە. 
 
بوومەلەرزەکان کاریگەری گەورەیشیان لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەبوو و نزیکەی 6 هەزار کەسیش لەوێ گیانیان لەدەستدا.