بەدواداچوونی رووداو؛ دەرمانی قاچاخ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەفرۆشرێت و پزیشک بۆ نەخۆشی دەنووسێت
رووداو - هەولێر
رووداو بەدواداچوونی بۆ دەرمانی قاچاخ کردووە. خاوەن دەرمانخانەیەک باس لەوە دەکات، هەندێک لە دەرمانخانەکان هەندێکجار "شریتی دەرمانی ئەسڵی دەردەهێنن و شریتی دەرمانی قاچاخی لەگەڵ تێکەڵ دەکەن، نەخۆشیش نازانێت، هەمان شێوەیە و تەنیا ژمارەی باجی جیاوازە، کەس تەرکیزی ئەوە ناکات و بەراوردی بکات، یان ئێکسپایەری جیاوازە."
ئەو خاوەن دەرمانخانە کە 11 ساڵە لەنێو دنیای کڕین و فرۆشتنی دەرمان کار دەکات دەڵێت، "هەندێک دەرمان هەن پێویستە، دکتۆر دەینووسێت و لە بازاڕیش نییە؛ هەندێک دەرمانیش هەر وەکالەی لێرە نییە، یانی بە قاچاخ و هەر جۆرێک بێت هەر دێت، بەڕاستی لە بازاڕ هەیە. دکتۆر لەوانەیە بشزانێت کە نییە و دەڵێت، پەیدای بکە، دەشزانێت لە بازاڕ نییە، بەڵام هەر دەینووسێت، لەبەر ئەوەی بۆ نەخۆشەکە زەروورە."
تیمی رووداو بۆ ئەم بابەتە رێگەیەکی جیاوازی بۆ بەدواداچوون بەکارهێنا، کامێرایەکی نهێنیی بردە نێو دەرمانخانەکان، وەکو کەسێکی ئاسایی داوای چەند جۆرێک دەرمانیان کرد کە لەو کۆمپانیایانەن کە قاچاخن و رێگەپێدراو نین؛ بۆ نموونە، ڤۆڵتڤاست، دەرزیی ئەنسۆلینی تورکی بێ فسفۆڕ، پانادۆڵی کۆڵد ئەند فلو. لە پێنج دەرمانخانە کە تیمی رووداو بۆی رۆشتن، توانییان لە دوو دانەیان بیکڕن.
تیمی رووداو دوو دەرزیی NovoRapidی دەستکەوت، کە تووشبووانی شەکرە بەکاریدەهێنن، یەکێکیان فەرمی و ئەوی دیکەیان قاچاخە، لە رەنگ و شێوەدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و خەڵکی ئاسایی کە سەیریان دەکەن هەر بە هەمان دەرزی دەیبینن، بەڵام ئەگەر زۆر لێی ورد ببیتەوە، دەبینیت کە لەسەر یەکێکیان بە ئینگلیزی نووسراوە لە فەرەنسا دروستکراوە و لەسەر یەکێکی دیکەشیان بە تورکی نووسراوە لە تورکیا دروستکراوە؛ فەرەنسییەکە فەرمییە و ستیکەری پێوەیە و هیچ کێشەیەکی نییە، نرخیشی زیاتر لە 15 هەزار دینارە، بەڵام تورکییەکە دوو جۆری هەیە لە بازاڕ، جۆرێکیان فسفۆڕێک لەسەر کارتۆنەکانی هەیە، کە پێی دەگوترێت فسفۆڕی شەریکەی ئەدراک و ئەوەیان فەرمییە، بەڵام جۆرەکەی دیکەیان کە نرخی زۆر هەرزانە و هیچ فسفۆڕێک لەسەر پاکەتەکەی نییە و ستیکەری پێوە نییە، قاچاخە و بە دزی لە بەشێک لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێت.
هەر دەرمانێک کە قاچاخ بێت، بە هیچ کۆنترۆڵێکی سەلامەتی تێنەپەڕیوە و دیارنییە کوالێتیی چۆنە، تەنانەت دیارنییە ئێکسپایەر بووە یاخود نا.
دکتۆر هەڵدێر محەمەد، دەرمانساز دەڵێت، "ئەوانەی کە نوێن، تاوەکو ئێستا تاک تاک دەرمانی قاچاخ لە دەستیان دەبیندرێت و پێیانە، دێن داوا دەکەن، لەوانەیە نەخۆشەکە یاخود بەکارهێنەرەکە نەزانێت قاچاخە، بەڵام پێی دراوە. لە کوێ پێی دراوە؟ نازانم. ئەوە یەک. دوو، دۆخی دەرمان لەڕووی ستیکەر و لەڕووی قاچاخ ئەمڕۆ لە دوێنێ باشترە و دوێنێ لە هەفتەی پێشوو باشترە."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو دەرمانە قاچاخەی ئێستا بۆ دەرمانخانەکانی هەولێر دێن، زۆربەی لە راپەڕین و کەرکووکەوە دەهێندرێن. رووداو ژمارەی کۆگایەکی دەستکەوت، کە دەرمانی قاچاخ لە کەرکووک دەهێنێت بۆ هەولێر، تیمی رووداو وەکو پزیشکێک خۆیان پێی ناساند و داوای شەش جۆر دەرمانی رێگەپێنەدراویان کرد، دوای چەند رۆژێک گفتوگۆ، بە تیمەکەی گوت، ئەو دەرمانانەی داوایان کردووە بۆیان دەهێنێت و کە گەیشتە هەولێر ئاگاداریان دەکاتەوە.
لە هەڵمەتی گەڕانی تیمەکانی کوالێتیی کۆنترۆڵی دەرمان لە هەولێر، بە فەردە دەست بەسەر دەرمانی بێ ستیکەر و ستیکەری کۆندا دەگیرێت. رووداو پرسیاری دەرمانی قاچاخی لێکردن، تاچەند کۆنترۆڵ کراوە؟
لە وەڵامدا دکتۆر گۆڤەند رەوەند، سەرپەرشتیاری چاودێریی بازاڕ و بازگەکان لە کۆنترۆڵی کوالێتیی دەرمان دەڵێت، "خۆشبەختانە دەرمانی قاچاخ نزیکە لە سفر لە دەرمانخانەکان، بەهۆی هەڵمەتی ئەو تیمە چاوکراوەیەی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە هەموو شار و شارۆچکەکان، ئێستا ئەوەندەی ئاگاداربین، ئەو کەسانەی ئیشی دەرمانی قاچاخ دەکەن، پەنایان بۆ ئۆنلاین بردووە لە رێگەی گرووپەکانەوە."
لە هەولێر زیاتر لە 800 دەرمانخانە هەن؛ جگە لەو دەرمانە قاچاخانەی کە لە دەرمانخانەکان دەفرۆشرێن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیش بازرگانیکردن بە دەرمانی بێ سەرچاوە و قاچاخ کارەساتێکی دیکەی دروستکردووە.