لە دێرسم وەرزی گەشتیاری دەستیپێکرد
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار گەشتی گەشتیاران بۆ دێرسم دەستیپێکردووە. دۆڵی مونزور بە سرووشتە ناوازەکەی گەشتیاران بۆ لای خۆی رادەکێشێت. ساڵانە هەزاران گەشتیاری ناوخۆ و بیانی رووی تێدەکەن.
جگە لە سرووشتە ناوازەکەی، دێرسم بە گیانلەبەرە کێوییەکانی دەوڵەمەندە. لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر سەردانی دێرسم دەکەن.
دۆڵی مونزور رووبەرەکەی 42 هەزار هێکتارە، لە ساڵی 1971ـەوە وەکو پارکێکی نیشتمانی ناسێندراوە و دەپارێزرێت. لەگەڵ هاتنی گەشتیاران، مەترسیی پیسبوونی هەیە. بەرپرسانی پارێزگاکە لەوبارەوە هۆشداری دەدەن.
بارش یڵدرم، ئەندامی کۆمیسیۆنی ژینگە و یاسای سەندیکای پارێزەرانی تورکیا دەڵێت، "بەتایبەت لە مانگەکانی بەهاردا ژمارەیەکی زۆر خەڵک سەردانی ئەم شوێنە دەکەن. ئێمە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی پارکە نیشتمانییەکەین. پێویستە لێرە تابلۆی جۆراوجۆر کە چالاکییە قەدەخەکراوەکان روون دەکەنەوە، دابنرێن. لەم ناوچەیەدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل هەن. پێویستە ئەو شۆفێرانە ئاگادار بکرێنەوە کە بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەچنە نێو پارکی نیشتمانی. خواستی ئێمە ئەوەیە ژمارەی فەرمانبەران لێرە زیاد بکرێن. پێویستە هەموو رێوشوێنێکی یاسایی بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی گەشتیاران زیان بەم پارکە نیشتمانییە نەگەیێنن."
دۆڵ و رووباری مونزور بۆ رافتینگ و کانۆ و زیپلین زۆر گونجاون. رووباری مونزور درێژییەکەی 36 کیلۆمەترە و درێژترین رێگەی رافتینگە لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا.