بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان زیانی بە جووتیاران گەیاندووە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەشێکی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری داپۆشیوە.
زیاتر لە 200 مەتری ئاوەکە هاتووەتە سەر زەوییەکەی هاوار لەتیف کە جوتیارێکی گوندی توڵەبییە لە دەربەندیخان. ئەم ساڵ ئاوی بەنداوەکە بەشێکی گەنم و شوتییەکەی داپۆشیوە.
هاوار لەتیف دەڵێت: "نزیکەی 12 جوتیارین. گەنمە، کاڵەکە و شوتییە، وەڵلا لە خودا بەزیادبێت ساڵانی پێشوو باشبوو. ئەم ساڵیش بەهۆی ئەم دەریاچەیەوە هەندێک زەرەر و زیانمان بەرکەتووە. لە گەنم و شتەکانمان ئەگینا لەخودا بەزیادبێت هیچ كێشەی نەبوو، باش بوو."
بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەربەندیخان تەنیا زیانی بۆ گوندەکانی نزیک لە بەنداوەکە نەبووە، بەڵکو زەویی جوتیارانیش لە پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوو زیانیان بەرکەوتووە.
جووتیارێک لە گوندی کەڵهوڕان لە شارەزوور 45 ساڵە سەرقاڵی کشتوکاڵە. بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکە 30 دۆنم زەوی ئەویشی کردووە بەژێر ئاوەوە.
سەرکەوت مەحموود جووتیارە و دەڵێت: "لە هەشتاکەنەوە پیشەم کشتوکاڵکردنە. خەریکی گەنم و کشتوکاڵم. دەریاچەکە 30 دۆنم گەنمی کردووم بەژێرەوە. تا ئێستا زیانەکانیشی زۆرە. ئێمە ئەوە بە زیان نازانین، چونکە پێشوەختە خۆمان بۆ ئامادە کردبوو. من دەمزانی ئاوی دەریاچەکە دێت."
محەممەد حەمید، جووتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "بەڕاستی زیانێکی گەورەیە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش، چونکە داهاتەکەمان کەم دەکات، لەڕووی بەروبووم و بەرهەمیشەوە زۆر زیان دەکەین. ئێمە بەرهەمێکی زۆر باشمان بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە."
پێنج ساڵە بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ نەبووە؛ ئەم ساڵ لە سنووری بەنداوی دەربەندیخان 847 ملیمەتر باران باریوە. بەنداوەکە کەمتر لە 20 سانتیمەتری ماوە بۆ ئەوەی بەتەواوەتی سەرڕێژ بکات.